بە پێی هەوڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ گەنجێکی سەقزی بە ناو خەبات قەیسەری ۳۰ ساڵان ،کوڕی یەحیا کە ماوەیەک پێش بە هۆی کێشەی خێزانەوە و جیابوونەوە لە هاووژینەکەی لە دووکانی هاووژینەکەیدا لە گەڕەکی سەرقەبرانی سەقز ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و پاش چارەسەر نەبوونی بە هۆی گرانی برینەکانیەوە دووای ماوەیەکی زۆر (نێزیکی دوو مانگ) لە نەخۆشخانەکانی سنە، تەورێز و سەقز دووینێ ۱۰ی سەرماوەز گیانی لە دەستدا.
جێگای ئاماژەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش شۆرشی گەلانی ئێران و بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی ئێران دیاردەگەلی نەشێاووی کۆمەڵگا بۆ نمونە خۆکوژی، تووش بوون بە مادە هۆشبەرەکان، تەڵاق و تێکچوونی بنەمای بنەماڵەکان، لەش فرۆشی ، کوشتنی ژنان و کچان بە بیانووی ناموسەوە، …. ڕوویان لە زیادبوون و بە تایبەت دیاردەی خۆکوژی و خۆسووتاندن لە ناووچە هەژار نشینەکان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوونە و بە تایبەت لە چینی گەنج و کچان و ژناندا ئەم دیاردە ماڵوێرانکەرە بەرەو قەیران دەچێت و هێڵی سووری تێپەڕاندوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە هۆکاری زۆربەی ئەم دیاردانە دەگەڕیتەوە بۆ شێوازی دەسەڵاتداری و شێوازی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد دا .و هەروەها کێشەی ئابوری فەکتەرێکی سەرەکیە لە خۆکوژی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان