ناڕەزایی دەربڕینی کرێکارانی شارەوانی ڕوانسەر

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ کرێکارانی دەرکراوی شارەوانی ڕوانسەر بە هەڵگرتنی پلاکارتگەلێک کە لەسەری نووسرابوو” ئێمە کۆمەڵێک لە کرێکارانی خزمەتگوزاری ڕوانسەرین کە بێ هیچ هۆکارێک لە ئێش دەرکراوین و داوا دەکەین لە خەڵکی تێگەیشتوو و بەرپرسان بەڕێز ، پشتیوانی ئەم چینە هەژارەی کۆمەڵگا بکەن.”دەستیان دایە ناڕەزایی دەربڕین.

زۆربەی کرێکاران بە شێوەیی وەرزی ،بە مووچەیەکی کەمەوە  و بە بێ بیمە کردن بۆ کارگەلێکی وەک ئاوویاری و خاوێن کردنەوەی چیمن و سەووزایی ناو شارەکان دەکەونە خزمەتی پەیمانکاران و لە کۆتایی وەرزی پاییزدا لە ئیش و کار دەردەکرێن.

یەک لە کرێکاران بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند :کە شارەوانی ڕوانسەر بەشی خزمەتگوزاری ناوو شارەکانی سپاردوە بە پەیمانکاران تایبەت و هەر بەم هۆیەوە هەموو کرێکاران ئەم بەشە لە کار دەرکراون ،بەڵام نایانهەوێت هیچ کەس لەم دۆخە ئاگادار ببێت چونکو خەڵک ناڕەزای دەردەبڕن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ڕۆژی پێنج شەممە ۳۰ی خەزەڵوەر ،هەموو کرێکارانی خزمەتگوزاری ناوو شاری(ئاوویاری چیمەن و خاوێن کردنی سەوزایی ناوشارەکان)ڕەوانسەر کە پتر لە ۲٥کەسن بێ هێچ هۆکارێک لە کار دەرکراون.ئەمە سەرە ڕای ئەوەیە کە تا ئێستا ئەم کرێکارانە مووچەیان پێنەدراوە.

بەرپرسانی شارەوانی ڕوانسەر لە شوێنی ناڕەزایی دەربڕینی کرێکاراندا کۆبوونەوە و بە کرێکارانیان ڕاگەیاند کە هەر کەس ناڕەزایەتی دەربڕێت بۆ ساڵی داهاتوو ئیش و کاری پێنادرێت.هەر وەها قایم مقامی ڕوانسەر بە ئاماژە کردن بە ئەوە کە پێنەدان و دوواکەوتنی پێدانی مووچەی کرێکاران پێویست بە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین ناکات و داوای کرد لە کرێکاران نەبن بە هۆی هورووژاندنی خەڵکانی دیکەوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان