ک.م.م.ک:
چەند سەعاتێک لەمەوبەر ڕووداوێکی ترسناک لە یەکێک لە ناوچەکانی شاری سنە ڕوویدا، لاوێک بە ناوی “فەرشید زارعی” لە سێڕێیانی نمەکیی ئەم شارە، بووەتە قوربانی هێرشێکی دڕندانە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە. دەستدرێژکاران کە پێدەچێت لەژێر کاریگەری باوەڕی توندڕەوی سەلەفیدا بووبن، بە چەندین لێدانی چەقۆ بە سەختی برینداریان کردووە و فەرشید دوای ئەم هێرشە دڕندانە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە. بەداخەوە بارودۆخی نەجێگیرە و ئێستا لە کۆمادایە.
شایەتحاڵی سەرەکی ئەم ڕووداوە جەرگبڕە باوکی فەرشید بوو کە لە نزیکەوە شایەتحاڵی دیمەنە ئازاربەخشەکانی هێرشکردنە سەر کوڕەکەی بوو، توانای قسەکردنی لەدەستداوە. ئەم ڕووداوە بە ئازارە تەنیا یەکێکە لە نموونەکانی توندوتیژی کە لە سایەی دۆخی قەیراناوی ئابووری و بژێویدا ڕوو لە زیادبوون دەکات
هەژاری و بێبەشی، زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای گەیاندۆتە خاڵێکی نائومێدی کە تاوانکاری لە هەڵکشاندایە و فشارە ئابوورییەکان و برسێتی، زۆر کەس بەرەو کردەوەی نامرۆڤانە و توندوتیژانە دەبات، بەجۆرێک کە مرۆڤەکان دڕندە بن بەرامبەر یەکتر و هێرش دەکەنە سەر مرۆڤێکتر. وەک ئەوەی بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا بگەڕێن لەو دۆخەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە.
خەڵکی ئێران لەم هەلومەرجە سەختەدا ڕۆژانە شاهیدی ڕوو له خراپتر بوونی بارودۆخی ژیانیانن. زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان و بێکاری و کەمبوونەوەی توانای کڕین، تەنیا بەشێکن لەو کێشە ئابوورییانەی کە کۆمەڵگای بەرەو هەڵوەشاندنەوی شیرازەی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی تاوانەکان بردووە. لەم نێوەندەدا، بەرپرسانی وڵات کە لە مێژە متمانەی گشتییان، بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی بەربڵاوەوە لەدەستداوە، بەرپرسیار نین لەم دۆخە و خەڵکیش بەردەوام ڕووبەڕووی قەیرانی زیاتر دەبێتەوه.
ئەگەرچی ئەم جۆرە هێرشانە ڕەنگە لە چاوی هەندێکەوە وەک تاوانی تاکەکەسی دەرکەون، بەڵام لە قووڵایی ئەم ڕووداوانەدا، هاواری بەکۆمەڵی نەتەوەیەک بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر و ئایندەیەکی پارێزراوتر و گەشاوەتر، خۆی حەشار داوە.