ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی گەیشتوو له ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی٢٧٢٤، لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان، هەتاو ئەکرەمی خەڵکی بوکان و ئامۆزای مێهران ئەکرەمی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، به هەشت مانگ زیندانی مەحکووم کرد کە لە کۆتاییدا ئەم حوکمە گۆڕدرا بۆ پێدانی غەرامە.
پێویستە بگوترێ کە ئەم حوکمە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە له بۆکان، دژایەتییەکی توندی لە گەڵ کرا و بۆ پێداچوونەوە پێشکەش بە دادگای ئینقلابی ڕژیم لە ورمێ کرا.
جێی ئاماژەیه کە دوای گەڕانەوەی هەتاو ئەکرەمی لە سەفەرێکی دەرەوە بۆ ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە زەماوەندی یەکێک لە کەسوکارەکەی چووبوو، لە ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا و دواتر پشکنینێکی تەواویان ئەنجامدا لە ماڵەکەی و دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرت، هەروەها پەیجی ئینستاگرامەکەی ناوبراویان داخست.
ئەم هاووڵاتییه، دوای ٢٥ ڕۆژ له دەستبەسەر کردنی، بە دانانی بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی لە ناوەندی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
خ.ع