دۆخی قەیراناوی ژن و مێردێک ڕۆژنامەوان لە کامپی دیپۆرتی ئادێرنە

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگری kmmk، ڕەشاد محەممەدی و ئەژین( فهمیدە) حسەینی، دوو هاوسەری هەواڵنێر، بۆ ماوەی ٥ مانگە کە لە کامپی دیپۆرتی ئادێرنە لە تورکیا لە دەستبەسەریدان.

ئەم دوو هاوسەرە بەبۆنەی چالاکی میدیایی خۆیانەوە لە کورد کاناڵ لە ژێر گوشاری توندی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دان.

ڕەشاد محەممەدی و ئەژین حسەینی، دوو هەواڵنێری بەڵێندار کە بە چالاکییەکانیان لەو میدیایەدا، دەنگی خەڵک و توێژی ستەم لێکراویان بە گوێی گشتی جیهان گەیاندووە، لە ئەگەری گەڕاندنەوە بۆ ئێران لە گەڵ مەترسی جیددی و سزای قورس لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی و قەزایی ڕێژیمی ئێران ڕووبەڕوو دەبنەوە.

ناوبراوان کامپی ئادێرنە لە دۆخێکی قورس و پڕ دڵەڕاوکێدا دەژین. دەستڕانەگەیشتنیان بو خزمەتگوزراییە سەرەتاییەکان، پەرۆشی ئەمنییەتی و مەترسی ڕادەست کردنەوە بۆ ئێران، ئەوانی لە دۆخێکی قەیراناوی و ناجێگیر پڕوکاندووە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی تورکیا بەبێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی مافی مرۆیی و مەترسی گیانی کە ئەم دوو هاوسەرە لە ئێران تووشی دەبن، لەهەوڵی ئامادەکردن و ڕادەست کردنەوەیانن بۆ ئێران.

بەلەبەر چاو گرتنی دۆخی ئەم بنەماڵە، پێویستە کە دامەزراوە نێودەوڵەتیی مافی مرۆیی و ڕێخراوەگەلی پارێزەری ئازادی ڕادەبڕین بەجێدی و پەلە دەسبەکار بن و بۆ بەرگرتن لە ڕادەست کردنەوەی ئەم دوو هەواڵنێرە بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرێنتی پاراستنی ئەوان هەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ.

شیاوی باسە کە، ئەم دوو هاوسەرە ڕۆژنامەوانە تەنیا بەبۆنەی بەئەنجام گەیاندنی ئەرکی پیشەیی خۆیان وەکوو هەواڵنێر و ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێران، هەنووکە لە مەترسی جیددیدان و هەر چەشنە ڕادەست کردنەوەیەکیان بۆ ئێران پاشهاتی قەرەبوونەکراوەی لێدەکەوێتەوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *