گیلانغەرب؛ گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک له ئەنجامی تەقینەوەی مین

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی KMMK،‏ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ساڵی ٢٧٢٤ی کوردی، هاووڵاتییەک بە ناسنامەی ئەختار خانم مورادی خەڵکی گوندی گۆرسفید سەر بە شاری گیلانغەرب له پارێزگای کرماشان، بە هۆی تەقینەوەی مینێک کە لە شەڕی ئێران و ئێراق بەجێ‌ماوە، به سەختی بریندار بووە و له کۆتاییدا گیانی لەدەستدا.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووه، کە ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١ی گوڵانی ئەمساڵ، بە هۆی دەستکاریکردنی مینێک و تەقینەوەی مینەکە، بە سەختی بریندار دەبێت و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی ئەلزەهرا لە شاری گیلانغەرب، دەگوازرێتەوە، کە له کۆتاییدا بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە گیانی لەدەست‌دا.

شایانی باسه، ئەو مینانەی کە لە شەڕی رژێمی ئێران و ڕژێمی بەعس ماونەتەوە، ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و کەمئەندام‌بوونی هاووڵاتییان لە کوردستان. لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران نەک هەر بڕیارێک بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو مینانە نادات، بەڵکو دەبینرێت کە خەریکی چاندنی مینی نوێیه لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان. ئەمەش بەهۆی شێوە ژیانی ناوچەکە و دروستکردنی کاری دزێو و ساختەی کۆڵبەری لە ئەنجامی ئەو هەژارییە سیستماتیکییەی بەسەر نەتەوەی کورددا سەپێنراوە، ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکاندا کارەساتێکی زۆری لەم چەشنە ڕوودەدات.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *