سەرلەنوێ دەسبەسەرکردنی ژن و مێردێکی پەنابەری سیاسی و مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان

‏ک.م.م.ک:

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە دەستی ناوەندی هەواڵی ‏KMMK گەیشتووه، ژن‌ومێردێکی پەنابەری سیاسی بە ناوەکانی ئامانج (حوسێن) منبەری و شەوگار محەممەدیان، لە رێگای رۆشتنیان بۆ ئەوروپا، لەلایەن پۆلیسی سنووری یۆنان دەسبەسەرکراون و رادەستی تورکیا کراون، پاشان لە لایەن پۆلیسی تورکیاوه بۆ کەمپی دیپۆرتکردنەوە راگوێزراون و مەترسی بەزوویی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران، زۆر لەسەرە.

جێی ئاماژەیه، ئەم ژن و مێردە پەنابەرە سیاسییە، بۆ جاری سێهەمە کە دەسبەسەر یان دیپۆرت دەکرێن و پێشتریش لە مانگی گوڵانی ٢٧٢٣ی کوردی، لە شاری مارماریس دەستبەسەر کرابوون و بۆ کەمپی دیپۆرتی مۆغلا راگوێز کرابوون، کە له ئەنجامی هەوڵ و بەدواداچوونی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤی کوردستان، دوای پێنج مانگ ئازاد کران، هەروەها لە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا، ئامانج منبەری بۆ دووهەم جار دەستبەسەر و ڕادەستی کەمپی دیپۆرتکردنەوە کرا، کە دوای ماوەیەک ئازادیان کرد.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، بە هۆی گوشارەکانی ڕژیمی ئێران و هەڕەشەکانی حکوومەتی تورکیا، ئەم ژن و مێردە به ناچاری ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، کە لە رێگادا، دیسان دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ کەمپی دیپۆرتکردنەوە. له ئەگەری رادەست کردنی ئەم هاووڵاتییانە بە رژیمی ئێران، به هۆی بەشداربوونیان له خۆپیشاندانەکانی دژ به کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، بێ‌گومان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکان و سیستەمی قەزایی ڕێژیمی ئێران، دەکەونە ژێر ئەشکەنجە و لێدانی هێزەکانی رژیم و هەروەها سزای قورس و نادادپەروەرانەیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە پێویستی دەزانێت ئاگادارتان بکاتەوە، کە ئەگەر ئەو هاووڵاتیانە دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە، بە هۆی پێشینەی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە، ژیانیان لە مەترسیدایە و ئەگەری ئەوە هەیە کە لە لایەن سیستەمی قەزایی رژێمی ئێرانەوە، ڕووبەڕووی سزای قورسی وەک لە سێدارەدان و بەندکرانی درێژخایەن و هەتاهەتایی ببنەوە. هەروەها بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆمان له سەر شێوازی مامەڵەکردنی سیستەمە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، ئەو هاووڵاتییانە تووشی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە. هەر بۆیه، لێرەوە داوا لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی پشتیوانی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە ئیدانەی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە بکەن و داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن کە ئەو پەنابەرانە ئازاد بکات. پێویستە حکومەتی تورکیا لە دەرئەنجامەکانی دیپۆرت‌کردنەوەی پەنابەرەکان بۆ ئێران، ئاگادار بکەنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *