برینداربوون و کەمئەندامی دوو هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ‏KMMK، ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ی کوردی، دوو هاووڵاتی بە ناسنامەی جەبار ئەحمەدزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی گوندی کونە‌مشکێ و ڕەئوف ئەحمەدی تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی گوندی زۆران، سەر بە شاری سەردەشت، لە کاتی کۆڵبەریدا، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو له شاخەکانی بوڵفەت، زیانێکی گیانی زۆریان پێگەیشت.

جێی ئاماژەیه کە، ڕەئوف ئەحمەدی قاچی لە دەست داوە و جەبار ئەحمەدزادەش بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گواستراونەتەوە.

شایانی باسه، کە ئەو مینانەی کە لە شەڕی رژێمی ئێران و ڕژێمی بەعس ماونەتەوە، ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و کەمئەندام‌بوونی هاووڵاتییان لە کوردستان. ڕژێمی ئێران نەک هەر بڕیارێک بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو مینانە نادات، بەڵکو دەبینرێت کە خەریکی چاندنی مینی نوێیه لەو ناوچە سنوورییانە. بەهۆی شێوە ژیانی ناوچەکە و دروستکردنی کاری دزێو و ساختەی کۆڵبەری لە ئەنجامی ئەو هەژارییە سیستماتیکییەی بەسەر نەتەوەی کورددا سەپێنراوە، ساڵانە لە ناوچە سنوورییەکاندا کارەساتێکی زۆر ڕوودەدات.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *