بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممۆ ۱۱ی خەزەڵوەری ۹۵ی هەتاوی کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «مەکڵاوێ»ی ڕەبەت بەناوی «عوسمان عهزیزی كۆڕی كهریم» لەگوندی «دەرماناوا»ی ناوچەی سەردەشت کەوتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گیانی لێ ئەستێندرا.
بەگوێرەی ڕاپۆڕتەکە هەرئەوکات هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی تەرمی ناوبراویان گواستەوە پایەگای «کونەبەفرێ»ی پشتی «دۆڵەبی» کە لەگەڵ ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندی «قەلەڕەشێ» ڕووبەڕوو بوونەوە و هەروەها خەڵکی گوندەکە تەرمەکەیان لەهێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئەستاندەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشتیان کرد.
جێگەی باسە ئەم کارەساتانە لەکوردستان دیاردەیەکی ئاساییە و حکوومەتی ئیسلامی ئێران کە ئامانجی قڕکردن وتۆقاندنی خەڵکی کوردە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وەهەر وەها گۆڕینی سرووشتی خەڵکی کورد ودیمۆگڕافیای کوردستانە بەبێ هیچ بیانویەک دەست دەداتە کوشتنی خەڵکی سڤیل وناسیاسیش تەنانەت ئیزن نادات خەڵک بەرانبەر بەقەیرانە دارایی وداهاتییەکانی خۆیان بۆبژێوی بنەماڵەکانیان ببنەوە، حکوومەت دەتوانێ بەجێی کوشتن لانیکەم دەستبەسەریان بکات، بەڵام نەتەنیا دەیان کوژێ بەڵکوو ئاژەڵە بارهەڵگرەکەیشیان دەکوژێ ودەست بەسەر کۆڵەکەیشیاندا دەگرێ. ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەڕێی دەست وپێوەندییەکانی خۆیەوە مادە هۆشبەرەکان لەکوردستان بڵاو دەکاتەوە ودەیهەوێ گەلێکی بێ ئیرادە وداکەوتە وملکەچ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بخوڵقێنێ بۆ ئەوەی بتوانێ بۆگەیشتن بەئامانجە قیزەونەکانی خۆی دەکاریان بگرێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان