ئیلام؛ گیان‌لەدەستدانی ئیرەج مەحموودی بە هۆی سەختی برینەکانی دوای تەقینەوەی مین

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ‏KMMK لە لایەن سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی، هاووڵاتی ئیرەج مەحمودی، تەمەن ٣٩ ساڵ، کوڕی ئەسەد، دانیشتووی گوندی وێژەنان، کە پێشتر بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لەگەڵ محەممەد مەحمودی تەمەن ٥٠ ساڵ، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، بەهۆی قووڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی ئیلام گیانی لەدەستدا.

پێویستە ئاماژەی پێ‌بکرێت کە ئەم هاووڵاتییانە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئەم مانگە، بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینە چێندراوانەی کە لە شەڕی ئێران و عێراق بەجێماون، لە ناوچەی بان سارات کە دەکەوێتە سنووری سۆمار، بە سەختی بریندار بوون. محەممەد مەحمودی هەردوو قاچ و دەستێکی و ئیرەج مەحمودی لە سەر و دمووچاوەوە بریندار بوون و بە مەبەستی چارەسەرکردن بۆ نەخۆشخانەی ئیلام گواسترانەوە.

شایانی باسە، ئەو مینانەی کە لە شەڕی ڕژێمی ئێران و ڕژێمی بەعسی عێراق بەجێماون، هەروەها چاندنی مینی نوێ لە کەرتە سنوورییەکان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، ساڵانە لەو ناوچەگەلە، دەبنە هۆی ڕوودانی زۆرێک لەو چەشنە کارەساتە.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *