ئیلام؛ ڕەهەندە نوێیەکانی تاوانی ڕژێم لە مەرگی گوماناویی محەمەد کومەیل زەندخانی

‏ک.م.م.ک

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، محەممەد کومەیل زەندخانی، لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵانی ئیلامی کە بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە باڵەخانەیەکی ٦ نهۆمی لە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ی کوردی، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا، بنەماڵەی ناوبراو بۆ وەرگرتنی تەرمی منداڵەکەیان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، ناچار کراون بە واژۆ کردنی بەڵێننامەیەکی هەڕەشە‌ئامێز کە بەهیچ شێوەیەک بۆیان نیه ئەم هەواڵه میدیایی بکەنەوە. هەروەها هێزه ئەمنیەتییەکانی ڕژێم ئامادە نەبوون مۆبایلی دەستیی ناوبراو کە ڕۆژی پێش مەرگی ماڵئاوایی له هاوڕێکانی کردبوو، ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە.

جێگای سەرنجە کە ئەمە سێیەمین خۆکوژی شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادییە، که پاش ئازادبوونیان لە گرتنگەکانی ڕژێم بە شێوەیەکی گوماناوی ڕوو‌ دەدەن.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکەم هەوڵی ناسەرکەوتووی خۆکوژی لەلایەن محەمەد کومەیل زەندخانی، پاش ئەوەی بوو کە له ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی، دەستبەسەر کرا و بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا.

شایانی باسە کە چالاکانی مەدەنی کورد، دیوێکی نامرۆڤانەتر لە چۆنیەتی مامەڵه کردن لە گەڵ گیراوەکاندا، له ناوەندەکانی دەستبەسەرگەی ڕژێم لە ئیلام، ئاشکرا دەکەن. لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووه که موحەمەد کومەیل زەندخانی، جگە لە ئەشکەنجە جەستەییەکان وەکوو لێدان بە مشت و شەق و باتۆم و تەنانەت تەزووی کارەبایی، کە چەند جار بووەتە هۆی لەهۆش‌چوونی ناوبراو، هەروەها رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونیش کراوەتەوە، وەکوو خوێندنەوەی “شایەتی‌ئیمان”ی پێش لەسێدارەدان لە لایەن ئاخوندێکەوە، پێدانی حەبە وەهمینەکان(روانگردان) و هەڕەشەی دەرزی لێدان و تۆقاندنی ئەو منداڵه کە، بەو دەرزییه تووشی نەخۆشی دەروونیت دەکەین. ئەمانه بەشێکن لەو جەنایەتانەی کە ڕۆژانە له پشتی دیواری گرتنگەکانی ڕژێمی ئێران ڕوو دەدەن.

لە لایەکی دیکەوە، بانگهێشتکردن و گوشار و هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر بنەماڵەی دەستبەسەرکراوەکانی شۆڕشی ژینا، لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، یەکێتر له هۆکارەکانی هەوڵی خۆکوژییە لە لایەن دەستبەسەرکراوەکانی شۆڕشی ژینا.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *