حوکمی کوشتنی ڕەزا ڕەسایی لە لایان دادگای باڵای ڕێژیم پشتڕاست کرایەوە

ک.م.م.ک:

ڕێکەوتی یەکشەممە ٣ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتی ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتی ناڕازی تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی شاری سەحەنە، لە دادگای باڵای ڕێژیمی ئێران پشتڕاست کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، هاوڵاتی “ڕەزا ڕەسای ئەندامی پێکهاتەی یارسان” لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بیستەمین ساڵیادی خەلیل عالینەژاد کە یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی ئایینی یارسان بەشداری دەکات و ئەوە هاوکات بوو لە گەڵ برپابوون و بەردەوامی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن ژیان ئازادی”، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەحەنە، ئەندامانی یارسانی ئاگادار کردبووەوە کە بەهۆی ترسی قەرەباڵغی و کۆبوونەوە، ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە نەبەن و لەم نێوەندەدا “نادر بەیرامی”، بەرپرسی ئیدارەی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران هەڵکەوتوو لە شاری سەحەنە، بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە دەستی کرد بە ڕشاندنی سپرای بیبار بەسەر و چاوی خەڵکدا و ئەمەش توڕەیی خەڵکی ئامادەبووی لێکەوتەوە لە شوێنی ڕووداوەکە، خەڵکی ئامادە بوو بەرگرییان لە خۆیان کرد و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە، لەم شەڕەدا نادر بەیرامی ٩ چەقووی بەر کەوت و بە هۆی کاریگەری برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر گەنجی خەڵکی شاری سەحەنە کە زۆربەیان پەیڕەوی ئایینی یارسان بوون، دەستبەسەر کران، دوای ماوەیەک ئیدارەی ئیتلاعاتی سەحەنە ڕەزا ڕەسایی وەک تاوانباری سەرەکی تاوانەکە ناساند و تۆمەتباری کرد.

شایانی باسە لە کاتی پڕۆسەی ئەم دۆسیەیەدا هیچ بەڵگەنامەیەکی بڕوا پێکراو وەدەست نەکەوتووە کە ڕەزا ڕەسایی وەک بکوژ بناسێنێت، تەنانەت یەکێک لە هاوەڵانی قوربانییەکە بە ناسنامەی زەبیحوڵڵا نورمورادی کە لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا بریندار بووە، پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە ڕەزا ڕەسایی بکوژەکە بوو بێت، و تەنانەت لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دادگا ئاماژەی پێکردووە، هاوەڵێکی دیکەی قوربانییەکە بە ناوی ئەمین حاتەمی بینراوە کە بە مست و پێلاقە لە بەرپرسی سەرووی خۆی واتە کووژراوەکە دەدات و لە کۆتاییدا دادوەرەکە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی باوەڕ پێکراو و بەپێی زانیارییەکانی خۆی ڕەزا ڕەسایی وەک بكووژی ناوبراو دەناسێنێت.

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە، مشتومڕاویترین باس لەم بارەوە دانپێدانانی ڕاشکاوانە لەلایەن دادوەرەکەوە بۆ بنەماڵەی ڕەزا ڕەسایی بووە کە وتی من هیچ سووچێکم نییە و لەلایەن تارانەوە بڕیار دەرکراوە بۆ ئەوەی من ڕەزا ڕەسایی وەک بكووژی بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنم.

ع-ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *