ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید هەواڵنێری پێشوی مافی مرۆڤی نەتەوه‌ یەکگرتوەکان سه‌باره‌ت به‌ ئێران 

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەحمەد شەهید هەواڵنێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان سەباره‌ت بە ئیش و ئەرکی ئێران، دواین ڕاپۆرتی خۆی لە مەڕ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بەم شێوەیە بڵاو دەکاتەوە.

ئەحمەد شەهید لە ڕاپۆرتەکەدا کە لە یەکەمی ژانویە تا ناوەڕاستی ئۆت (۱۱ بەفرانبار تا ۲٥گەلاوێژی ۱۳۹٥هەتاوی) لەبەر دەگرێت، وەبیری دێنێتەوە کە لەم ماوەدا، ۲۳ جار لە مەڕ دۆخی مافی مرۆڤ نامەمان بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناردوە.

بە کۆتای هاتنی بەرپرسایەتی ئەحمەد شەهید وەک هەواڵنێری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان لە مەڕمافی مرۆڤ لە ئێراندا، عاسیمە جەهانگیر، چالاکی پاکستانی مافی مرۆڤ ئەرکدار دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا ئەحمەد شەهید ڕێژەی زۆری لە سێدارەدانەکان بە توندی ڕەخنە دەگرێت، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت لە نێوان یەکەمی ژانویە تا سێیەمین حەوتوی ژووییەی ۲۰۱٦، لە ۲٤۱ بۆ ۲٥۳ کەس لەسێدارە دراوون کە بە ((ڕێژەیەکی بەر چاوو)) ئەمە کەمتر بوە لە هەمان کات لە ساڵی ۲۰۱٥. کە ئەحمەد شەهید بەخاڵێکی پۆزۆتیڤ و گۆرانێکی باش باسی دەکات.

بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت سەرە ڕای ئەمە، ڕێژەی ئێعدامەکان لە سەرەتای ژوییە زۆرتر بووە و لە سێ حەوتوی سەرەتای ئەو مانگەدا،٤۰ کەس لە سێدارە دراوون کە زۆربەیان بە تاوانگەلی پەیوەندیدار لە گەڵ مادە هۆشبەرەکان سزا دراون.

ئەحمەد شەهید دیسان وەبیری دەهێنێتەوە کە لە ساڵی ۲۰۱٥، نێوان ۹۹٦بۆ ۱۰٥٤کەس لە سێدارە دراوە کە زۆرترین ڕێژەی ئێعدام لەو وڵاتەدا لە دوو دەییە ڕابردوودایە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، شێوازی هەڵسوکەوتی سێستەمی دادوەری و ئەمنی ئێران لە گەڵ ڕۆژنامەوانان و چالاکانی ڕاگەیاندن، چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کرێکاری و بەڕێوەچوونی سزای ((دژە مرۆڤی و سوکایەتی)) لەم وڵاتەدا بە توندی ڕەخنەی گرتوە.

بە هەمان شێوە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا شێوازی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر پرسگەلێکی وەک دابین کردنی مافی بیروڕا دەربڕین، مافی ساز کردنی ڕێخراوە وکۆبونەوە، مافی ژنان و منداڵان و مافی کەمینە نەتەوەکان و ئایینەکان بە توندی ڕەخنەی گرتوە.

شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان، وەزیری دەرەوەی پێشوی ماڵدیڤ لە ساڵی ۲۰۱۱ ئەرکداری هەواڵنێری تایبەتی ئێران دیاری دەکات.

ناوبراو لەو کاتەوە، لە سەر بنەمای وتوێژ لە گەڵ چالاکانی سیاسی، ڕۆژنامەوانان و کەسانی نێزیک بە قوربانیانی تونوووتیژی سیاسی، بە شێوازێکی تایبەت ڕاپۆرتگەلێکی لە مەڕ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کردوەتەوە. داخوازی ئەحمەد شەهید بۆ سەردانی ئێران لە کاتی بەرپرسایەتیدا هیچ ئامانجێکی نەبوو و ئیزنی سەردان بۆ ئێرانی پێنەدرا.

کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتی پێشێل کاری مافی مرۆڤ ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەم تۆمەتانە بە ئامانجگەلێکی سیاسی لە ئێران دەدرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، بە شێوازێکی سیستۆماتیک مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێشێل دەکات و لە هەمبەر هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە کەمینە ئایینیەکانەوە تا چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و بوە بە هۆی ترساندن و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ نە بۆ گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو بوە بە هۆی نیگەرانی پێشێل کار مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان