سوکایەتی وتۆمەت هەڵواسین بۆزیندانیانی سیاسی کورد لەزیندانی سنە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕێدارانی زیندانی سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان  سوکایەتی وتۆمەت بۆزیندانیانی سیاسی هەڵدەواسن وئەم تەرزە بەچەشنێکی مەترسیدار لەم مانگانەی دواییدا تەشەنەی ساندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە بەرپرسان وڕێدارانی زیندان دژبە زیندانیانی سیاسی بیانوو دێننەوە وبەتۆمەت وسوکایەتی وبیانوو هێنانەوەی پڕوپوچ ئاستەنگییان بۆ دێننە ئاراوە.

هەرلەم پێوەندییەدا هاتووە کە پشکی خۆراک، دەواو دەرمانی زیندانیانی سیاسی وئاسایی لە بەندیخانەیەدا پێوانە کراوە ولەئاستێکی هەرەخواردا ئەم خزمەتگوزارییەیان پێ دەدرێت وبەتەواوەتی خۆراکیان بۆدابین ناکرێت وهەروەها ئاستی چۆنییەتی خۆراکەکە زۆر لەخوارە ولەدابەزین دایە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کەزۆرینەی زیندانیان لەچینی هەژاری کۆمەڵگان وتوانای کڕینی مادەی خواردنیان نییە تابتوانن لە فرۆشگەی ناو زیندان خۆراکێکی گونجاوتربۆخۆیان دابین بکەن،هەربۆیە زۆرینەی زیندانیان تووشی ئازارو نەخۆشینی خۆراکی ناتەندرووست وبێ کەڵک هاتوون.

زیندانی ناوەندی سنە لە۱۰بەند پێک هاتووە و لەهەر ژوورێکدا ۲۰بۆ۲٥کەس ڕاگیراوە وهەربۆیە زۆرینەی زیندانیان لەهەبوونی شوێنی خەو بێ بەشن ولە سەر ئەرزی ژوورەکان وهۆڵەکان(کۆلیدۆر)بەبێ هەبوونی نوێنگە وپێخەف وسەرین دەنوون ولەزۆرێک لەژوورەکاندا بە سەرە دەنوون ولەلایەکی دیکەیشەوە زیندانیان بەبێ بایەخدان بەچەشنی ئەو تاوانەی لەپاڵیان نراوە لە بەندەکان ڕاگیراون وهەروەها بەندکراوی کەم تەمەنیش لەنێو زیندانیانی گەورەساڵ ڕاگیراون وزۆرجاریش زیندانیانی سیاسی دەگوازنەوە بۆ ژووری ئەوزیندانیانەی کەتووشی تاوانی مەترسیدار وکوشتن بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان