ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی KMMK، شەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ی کوردی، مردنی ئارمیتا گراڤەند لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەی فەجری تارانەوە پاش ٢٨ڕۆژ مانەوە لە کۆما، ڕاگەیەندرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە و بەپێی دیاریکردنی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئارمیتا گراڤەند بڕیارە ناوبراو لە بڕگەی ٩٩یی گۆڕستانی بەهەشتی زارا ئەسپەردەی خاک بکرێت.
بڕگەی ٩٩ی گۆڕستانی بەهەشتی زارای تاران بەو شوێنەی کە(بڕیار نییە مرۆڤ تەواو بێت) ناسراوە، لەمڕووەوە شرۆڤەی حاڵەتەکە دەکەین.
سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لەهەمبەر ڕەوتی پڕۆسەی ناشتنی ئەندامە بڕاوەکانی لەش دەڵێت: ئەم ئەندامانە لە مردووشۆرخانە لە نێو پاککەرەکاندا بە ناوپۆشی ناوەوە ناسراون. ئەم ناوپۆشانە لە شوێنێکی تایبەت لە مردووشۆرخانە دادەنێن و هەر وەکوو لاشەیەکی مردوو کە دەشۆردرێن و دەنێژرێن ئەم ئەندامانەیش بەم تەرزە دەشۆن و دەنێژن. دواتر لە بەشێک لە مردووشۆرخانە ڕادەگیردرێن و حەوتووی جارێک یان دوان لە ڕۆژگەلی تایبەت دەنێژرێن.
ناشتنی تەرمی ئارمیتا لە بڕگەیەکی وەهادا هەڵگری چەندد پەیامێکی نابەجێیە. یەکەم بەپێی ئەو هەواڵەی کە لایەن KMMKوە پێشتر بڵاو کرایەوە، ئارمیتا ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر گیانی بەخت کردووە بەئەنقەست ڕاگەیاندنی مردنی ناوبراویان خستە دواوە.
لەلایەکی دیکەوە بەو پێیەی تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە، ئەگەری ئەوەی کە پاش مردنی ئارمیتا گراوەڤەند، تیمی پزێشکی ڕێژیمی ئێران بەدزینی ئەندامانی لەشی ناوبراو و ئاگادار نەکردنەوەی بنەماڵەکەی، ڕاستەوخۆ لە تەرمەکەی کەڵک نابەجێییان کردبێت، یەکجار زۆرە.
هەربۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەناوی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانەوەــ کە ئارمیتا گراوەڤەند منداڵێکی ئەم گەلەیە ــ بەناوی ڕێخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، خوازیاری ڕوونکردنەوە لە بەرپرسانی حکوومەت کە دەستیان لە دۆسیەی مردنی ئارمیتا و نواندنی بەڵگەی متمانەپێکراو لە کۆمەڵگەی مافناسی لەسەر ئەو تەوەرەی کە تەرمی ئەم مێرمنداڵە کەڵکی نابەجێی لێنەکرابێت.
هەروەها کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارە بە مردنی ئارمیتا و ڕاگەیاندنی درەنگوەختی گەڵاڵەکردنی هەر شیمانەیەک لەسەر سیستەمی دەرمانی فەجر و تیمی پزیشکی ئەم دۆسیە بەڕەوا دەزانێ و لە داهاتوودا سەبارەت بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، لە کۆڕوکۆبوونەوە و دادگا نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە دەکات.
ق.ش