ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو هەواڵانەی ڕادەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ کوردستان کراوە، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی کەیوان زەندی، ئارام ئازاد، سەردار شاهمورادی و هۆشەنگ چوارگورگە «چهارگرگە»، کە لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە “موحاڕبە” تۆمەتبار کراون.
ئەم چوار هاووڵاتییە کە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی سنە بە شێوەی کاتی دەستبەسەرکراون، مەترسیی سەپاندنی سزای ئێعدامیان لەسەرە.
ئەم چوار هاووڵاتییە لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری سنە بە جیا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە یەکێک لە گرتنگەکانی شاری سنە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی توند کرابوون.
دەوترێت ئەو کەسانە لە ٤٠ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە ٢٦ی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا بە “بەشداریکردن لە کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیس” تۆمەتبارکراون.
جێگەی ئاماژەیە ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو جۆرە تۆمەتانە بۆ ئەو هاووڵاتیانە و سەرەڕای ئەشکەنجەدانی توندی جەستەیی و دەروونی لە بەندیخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەم کەسانە ئیدیعای لێکۆڵەرە ئەمنییەکانیان ڕەتکردووەتەوە کە بەشداربووبن لە کوشتنی ئەو ئەفسەرە پۆلیسە.
ک.ح