ک.م.م.ک:
چوارشەممە رێکەوتی یەکی مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی “سامان سەیدی” گۆرانیبێژی بەندکراوی کورد، ناسراو بە ناوی هونەری “سامان یاسین” لە فایلێکی دەنگیدا باسی ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونیانەی کرد کە لە دەستبەسەریدا تووشی بووە، لەوانە لە سێدارەدانی دەستکرد و دانپێدانانی زۆرەملێ و شکاندنی لووت.
ئەم ڕاپەرە تەمەن ٢٧ ساڵەی خەڵکی کرماشان کە لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٤٠١ـی هەتاوی لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دا دەستبەسەر کرابوو، لە فایلێکی دەنگیدا بڵاوی کردۆتەوە، و دەڵێت لێپرسەرەکانی لە دەستپێکەوە هەڕەشەی ئازارو ئەشکەنجەی ئەندامانی بنەماڵەکەی لێ دەکەن و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەندامانی بنەماڵەکەت مان گرتوە، هەموویان لێرەنە لە لای ئێمە.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە “پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی” بۆی یاساغ بووە و زیادیکردووە: “هیچ هەواڵێکم لێیان نەبوو”. وتیان ئەگەر دەتەوێت خێزانەکەت ئەشکەنجە نەدرێت ئەمانە بنووسە ئازاد دەبیت. منیش ئەوەم گرتە ئەستۆ و گوتم: “هیچ جۆرە ئازارێک بە خێزانەکەم مەگەیێنن “.
لەم فایلە دەنگییەدا، سامان یاسین باسی ئەو ئەشکەنجەی دەکات کە تووشی بووە، بەوەی کە لە کاتی لێپرسینەوە و هەڕەشەکردن لە خێزانەکەی بۆ ماوەی “دوو شەو” بردراوە بۆ “کۆگای سارد”.(ساردخانە) ئەو دەڵێت “قەڵەمێکیان خستە ناو کونە لووتی چەپمەوە و لووتمیان شکاند و دوو سێ جار لە سەر پلیکانەکان پاڵیان دام لە کاتی کە دەیانهێنام بۆ خوارەوە”.
ئەم ڕاپەرە ناڕازی بێژە کە لە شەوی ساڵوەگەڕی لە دایکبوونی دا لە لایان هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە بەرامبەر ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەرەج بە تۆمەتی “تەقەکردن” دەستبەسەر کرا، باس لەوە دەکات کە توانای هەناسەدانم نییە و چەند شەو، جارێک لوتی خوێنی لێدێت ، بەڵام تەندروستی بەندیخانە ڕایگەیاندووە کە “دادوەر” لەگەڵ ئەو ڕازی نەبووە بۆ چارەسەری ڕەوانەی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت.
ک.م.م.ک