بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: سێ شەممۆ ۲۰ ی ڕەزبەری ۱۳۹٥ی هەتاوی کچێکی تەمەن ۱۷ ساڵ لەگوندی پووشاوێی سەربەشاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەماڵی باوکیدا خۆی هەڵواسی وکۆتایی بەژیانی خۆی هێنا،
جێگەی باسە ڕێژەی خۆکوژییەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژلەدوای ڕۆژ ڕوو لەزیادبوونەوە وئاستی تەمەنی خۆکوژییەکانیش تابێ کەمتر دەبێتەوە، بەچەشنێ کە هەموو ڕۆژێک هەواڵی خۆکوژی منداڵ یان مێرمنداڵ یان گەنجێک ڕادەگەیەنرێ وئەم دیاردە قیزەونە بووە بەنەریتێک وداوێنی کۆمەڵگای کوردەواری گرتۆتەوە،
هەژاری وبێکاری وبێ دەرەتانی بووە بەهۆی سازبوونی شەڕوکێشە لەنێو خێزانی ماڵدا ولەپلەی یەکەمدا کارلەسەر چینی کەمتەمەنی بنەماڵەدەکات وبەهۆی قەیرانە پڕوکێنەرەکان، گەورەکانی بنەماڵە توانای دابینکردنی نیازی مناڵانیان نییە وقەواری بنەماڵە تێک دەچێ وخەساری ئاوا گەورەی لێدەکەوێتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردانە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وئەوپڕوپاگەندانەی بۆ دنیای مودێڕن وسەرمایەی دەکەن وخەون وخولیا لە زەینی مناڵانی هەژار دەچێنن بەبێ ئەوەی بیانەوێ ژیانێکی مامناوەندییان بۆ دابین بکەن هەربۆیە پەنا دەبەنە بەرتەنیا ڕێگەی خۆدەربازکردن لەدۆخی هەنووکەییان. خەمۆکی وداڕماویی بەڕوخساری تاک بەتاکی کۆمەڵگای کوردەوارییەوە دەردەکەوێ وچەشنێ ڤایرووس تەشەنەی کردۆتە هەموو ماڵێک وگەرمی ژیان وچێژی ژیانی هاوبەشی لێوەرگرتوونەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان