ک.م.م.م:
بەپێی زانیارییەکان، دانیشتنی دادگای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەرت بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانان لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە دەچێت.
بڕیار بوو ئەم دانیشتنە لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ بەڕێوە بچێت، بەڵام بەبۆنەی گرفتی ئیدارییەوە کەوتەوە دواوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم پارێزەرەی دادگوستەری بە سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات و بەتۆمەتی چالاکی پڕوپاگەندایت دژی دەسەڵات لەڕێی ئەنجامی وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆ و دەرەوە و ناڕەزایەتی دژی ڕای کارناسی کۆمسیۆنی پزیشکی یاسایت لەهەمبەر مردنی ژینا ئەمینی دادگایی دەکرێت.
شیاوی باسە، ساڵح نیکبەخت شەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، بە ئامادەبوون لە لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی موقەدەسی تاران بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات تاوانەکەی بۆ ڕوون کرایەوە و بە دانانی کەفالەت تا کاتی دانیشتنی دادگا بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەو پێیەی ساڵوەگەڕی کوشتنی حکوومی ژینا نێزیکە و ئەگەری هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکان لە ئارادایە، دامەزراوە ئەمنییەکان هەوڵ دەدەن بەسەپاندنی گوشار و سازکردنی کەشێکی ترس و سام ڕێگری لە هەڵایسانی هەر چەشنە خۆپیشاندانێکی نوێ بگرن.
دۆسیە سازکردن بۆ ساڵحی نیکبەختــیش کە ئامادە نەبووە ڕای کۆمسیۆنی پزیشکی بەهەند وەربگرێت هەر لەم چوارچێوەیەدا هاتۆتە ئاراوە.
ق.ش