ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ی کوردی، دوو گەنج بەناوەکانی کەماڵ پیشوەند و واحید ڕووزنەوەرد، کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، چاویان بریندار ببوو و لەترسی دەستبەسەری هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێران وڵاتیان جێهێشتبوو و خۆیان گەیاندبوویە وڵاتی یۆنان، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە توندئاژۆیانە و بە لێدان دەستبەسەر و دیپۆڕتی تورکیا کرانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کەماڵ پیشوەند لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵگری کوردپا ڕایگەیاند: کوڕەکەی خۆی ئارتین پیشوەندی لەگەڵ بووە و بەهۆی لێدانی پۆلیسی یۆنانەوە سینگی بە گرانی بریندار بووە.
هەروەها کوتی: لە کاتی پەڕینەوە لە ڕووباری کریوی یۆنان کە نەگەیشتبوونە شەقامی ٨٥ی ئەو وڵاتە دەستبەسەر دەکرێن و پۆلیس دەستبەسەر موبایلەکەیاندا دەگرێ و لێیان دەدات و لەم ڕووداوەدا سنگی واحید بە قورسی بریندار دەبێت و دیانبەنە کەمپێک و ڕووتیان دەکەنەوەو پارەکەیان لێ دەستێنن و ڕەوانی توررکیایان دەکەنەوە و ئێستە لە تورکیا مەترسی دیپۆڕت کردنەوەیان لەسەرە.
شیاوی باسە شەوی ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی کەماڵ پیشوەند و واحید ڕووزنەوەرد خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەتەقەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێران هەردووکیان چاوی چەپیان لەدەستدا.
ق.ش