ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گوڵانی ٢٧٢٣ی کوردی، ٢٤٠ کۆڵبەر لە سنووری نۆدشە سەربە شاری پاوە لە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ماونەتەوە و ڕێگەی چوون و گەڕانەوەیان لێگیراوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم کۆڵبەرانە دوو ڕۆژە بەبێ ئاو و نان گیریان خواردووە و مەترسی قڕکردنیان لەسەرە و ئەگەریش خۆیان بدەن بەدەستەوە هەم گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و هەم وڵاخەکانیان دەکوژدێن و هەمیش بارەکانیان دەستی بەسەردا دەگیردرێ و تەنانەت غەرامەی قورسیش دەکرێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای جیهانی دەکات بەرانبەر بەم مەترسییە هەڵوێست بگرن و هۆشداری بدەن بە کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەر چەشنە مەترسییەک ڕوو لەم کۆڵبەرانە بکات لە ئەستۆی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و پێشێلکارەیە.
ق.ش