ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی١٦ی گوڵانی ٢٧٢٣ی کوردی، تیمێکی دز و تاڵانکەری ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران هەڵیان کوتایەسەر ئەشکەوتی مێژوویی چیای باڵوقایە لە ناوبەری گوندەکانی سەرا، ئەحمەداوا و سەرکەل سەربە شاری سەقز و یەکەم دەفینەیان دەرهێنان و ڕفاندیان.
بەپێی هەواڵەکە، دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتی ئێران بەبیانووی دانانی کانگای چیمەنتۆ( سیمان) لە داوێنی چیای باڵوقایە بارەگایان هەڵداوە و دەیانهەوێ بەبیانووی کانگای چیمەنتۆوە هەم ژینگە و گرنگی چیای باڵوقایە لەناو بەرن هەمیش ئاسەوارە مێژوویەکانی ناو ئەشکەوتەکە بەتاڵان ببەن هەربۆیە ماوەی مانگێکە ژینگەپارێزان و وەزشوانان و کەژەوانانی شارەکانی سەقز و بۆکان و زۆربەی خەڵکی گوندەکانی ئەو شارە ناڕەزاییان نیشاندا و لەبەرانبەردا قایمقامەتی دەستنیشانکراوی حکوومەت لەشاری سەقز بڕیاریدا کە دەست لە هەڵکەندنی ئەو کانگایە هەڵدەگرن و بەو شێوەیە کڵاویان لەسەر خەڵکی دەڤەرەکە ناو لە شەودا دەفینەیەکیان دەرهێنا کە جگە لە شێواندنی مێژووی گەلەکەمان، گرنگترین سامانی کەلتووری کوردیان تاڵان کرد و لەم پڕۆژەیەدا ئیدارەی میراتی کەلتووری بۆخۆی بەشدار و ڕێخۆشکەری ئەم دزی و تاڵانەیە
شیاوی باسە کە ئەشکەوتی باڵوقایە کە لەو کێوەدا هەڵکەوتووە ژینگەی گیانلەبەرێکی زۆرە و بوەتە شوێنی گەشتیاری و شاخەوانی.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ٢٦٧٤ی زاینی(١٣٥٣ی هەتاوی) ئەم ئەشکەوتە وەکوو ئاسەواری کەلتووری و کۆنینە تۆمار کرا و بەم پێیە هەر چەشنە دەستێبردنێکی ئەو ئاسەوارە وەکوو تاوان هەژمار دەکرێت و دەبێ ناوەندە پێوەندیدارەکان وڵامدەر بن.
شیاوی باسە دەسەڵاتە یەم لە دوای یەکەکانی داگیرکەری ئێران ساڵانێکە پڕۆسەی لەناوبردنی سامانی کەلتووری و نەتەوەیی کوردستانیان بە قونتەرات گرتووە و زۆرینەی شوێنە کەلتوورییەکانیان تاڵان کردووە و ناوەندە ئەمنییەمانی ئێران وەکوو ئیتلاعات و سپای پاسداران سەرپەرشتیاری ئەو تاڵان و بڕۆیە دەکەن.
ق.ش