ک.م.م.ک:
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چوارشەمە ۳۰ خاکەلێوەی ۲۷۲۳ـی کوردی(۱۹ـی ئاپریلی ۲۰۲۳ـی زایینی) هێزە ئەمنییەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر چالاکێکی سیاسی خەڵکی شاری مەریوان بە ناو یداللە نادری ـیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، یداللە نادری ۳۱ ساڵ تەمەن و ئەندامی حزبی کۆمەڵە(رێخراوی کمونیستی ایران لقی کوردستان) بووە و بە نیاز بووە بەرەو هەندەران سەفەربکات.
هەواڵنێری KMMK لەم بارەوە دەڵێت: هێزە ئەمنییەتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شوێنی هێشتنەوە و چارەنووسی ئەم چالاکە سیاسییە هیچ زانیارییەکی فەرمییان نەداوە و دیار نییە ئایا ناوبراو لە گرتووخانەدایە یان رادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای رەخنە لە بێدەنگی شەرمنانەی رێخراوە مافی مرۆڤییەکان و حزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەم هەواڵە و هەروەها سەبارەت بەو گوشارەنەی لەسەر چالاکانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هەرێمی کوردستان هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چارەنووسی یداللە نادری بە بەرپرس دەزانێت و داوا دەکات لایەنە پەیوەندی دارەکان بە زووترین کات هەوڵی ئازادی و گەڕانەوەی دڵنیایی لەسەر پاراستنی ئەمنی بۆ ناوبراو بدەن و چیدی رێگا بە شڵەژانی ئەمنییەت و گوشار بۆ سەر چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەدەن.
م.ە