ک.م.م.ک:
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لایەن چالاکوانانی شاری سەقزەوە ڕاستەوخۆ بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە خەڵکی شاری سەقز و دیکەی شارەکانی ئێران و کوردستان کراوە دواین پێنجشەممەی ئەمساڵ٢٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ی کوردی کاتژمێر ٢ بۆ ٤ لە گۆڕستانی ئایچی لەسەر گۆڕی ژینا کۆببنەوە و جارێکتر پەیمان نوێ بکەنەوە. لێرەدا دەقی ڕاگەیەندراوەکە بڵاو دەکەینەوە.
سڵاوێک بۆ ڕۆحی پاکی هێمای بەرخودان ژینا ئەمینیی و تەواوی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی.
لاوان و تێکۆشەرانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
ماوەیەکی کورتە چالاکی و خۆپیشاندان لە کۆمەڵگاکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بوەتەوە و کۆماری سێدارەی ئیسلامی وای پێدەزانێت کە ئەم شۆڕشە کۆتایی پێهاتووە. بەڵام لەم ڕێگەوە بەدەنگێکی بەرز و پڕ لە ڕق و شۆڕشگێڕانە هاوار دەکەین کە خەیاڵیان خاوە و چالاکوانان لە شۆڕشی خۆیان پاشەکشە ناکەن هەر بەو بۆنەوە لە ئاخرین پێنجشەممەی ساڵ ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمە کاتژمێر ٢بۆ ٤ی دوانیوەڕۆ لە گۆڕستانی ئایچی لەسەر گۆڕی خاتوو ژینا کۆبوونەوەیەک بەڕێوە دەبەین.
داواکارین تەواوی خەڵکی بەشەرەفی سەقز و شار و شارۆچکەکانی دەورووبەر لەم کۆبوونەوەدا بەشادار بن و یەکگرتوویی خۆمان نیشانی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژە بدەین.
بە هیوای سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
نەمان ـ بۆ ـ کۆماری ـ ئیسلامی ـ ئێران
بژی ـ ئازادی
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان