ک.م.م.ک:
دووشەممە١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی، لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ ناوەندی هەواڵگری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هاتووە، هاوژین و دوو منداڵی بێهزاد حەکیمی زادە بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سەقز، بانگهێشت و چەندد کاتژمێرێک دەستبەسەر، پاشان ئازاد کرا.
بەپێی کوتەی سەرچاوەیەکی نێزیک لە بنەماڵەی ئەم پارێزەرە بۆ KMMK: بێهزاد حەکیمی زادە پارێزەری پلەیەکی دادگا، کە ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار لە ماڵەکەی لە سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێنرا، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە سەقز ڕاگیراوە.
هەروەها سەرچاوەکە کوتی: هاوژین و دوو منداڵی زۆر بچووکی ئەم پارێزەرە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و لە سناریۆیەکی گەڵاڵەبۆ دارێژراودا بۆ گوشارخستنەسەر ناوبراو، ئامانجیان لێوەرگرتنی دانپێدانان بووە.
ناوبراو کوتی: لە چاوپێکەوتنی ئەم پارێزەرە لەگەڵ بنەماڵەکەی، هاوژینەکەی لە دابەزینی کێش ناوبراو و گوشاری زۆری دامەزراوە ئەمنییەکان لە گرتووخانە ئاگادار دەبێتەوە و ئەمەیش لە جێی خۆیدا پەرۆشی و دڵەڕاوکێی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی سازکردووە.
شیاوی باسە کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئامانجیان لە گوشار خستنەسەر ئەم پارێزەرە، دانپێدانان بە هاریکاری حیزبە کوردییەکانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕوو لە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێخراوە نێونەتەوەییەکان ڕادەگەیەنێت کە پشتیوانی لە چالاکانی بوارە جیاجیاکان و هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراو بکەن و ڕێگری بکەن لە گوشارخستنەسەر بنەماڵەکانیان.
هەروەها ڕایدەگەیەنین کە، هەرچەشنە دانپێدانانی زۆرەملێ لە ڕێی ئەشکەنجە، دەستبەسەری بنەماڵە، هەڕەشەی گیانی و ماڵی یان هەرچەشنە کردەوەیەک بەدەر لە بەندەکانی کونوانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و جێی بڕوا و متمانە نییە و لە بەڵگە و دیکۆمێنتەلێک لەمبارەوە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان، دژی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەربگیردرێت و ئەم حکوومەتە دیکتاتۆرە کە پشتیوانی تیرۆریزمە شەرمەزار بکرێت.
ق.ش