لە کەلی تەتەی هەورامان مینێک دەتەقێتەوە و گەنجێک بەتوندی بریندار دەبێت

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ۲۷ی خەرمانان ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی گەنجێکی ۲٥ساڵان خەڵکی گوندی بارام ئاوای شارستانی سەوڵاوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی تەقینەوەی مین لە «کەل تەتە» دا بە توندی بریندار دەبێت و هەناردەی نەخۆشخانە دەکرێت.

لە حەوتوی ڕابردووشدا هەر لەو دەڤەرەدا سێ گەنجیتر بوون بە قوربانی تەقینەوەی مین.

کۆماری ئیسلامی ئێران خەمساردی و پشتگوێ خستنێکی بەرچاو دەنوێنێت سەبارەت بە هەڵگرتنەوەی مین لە شوێنە جیاجیاکانی سەردەمی شەڕ ئێران وعێراق لە ناوبەر ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستاندا.

بە تێپەڕبوونی نزیک بە بیست وحەوت ساڵ لە تەواو بوونی شەڕ بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەم ڕووداوانە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

لە کۆبوونەوەی شوڕای مافی مرۆڤ لە ژوئنی ۲۰۱٥دا گروپی کۆماری ئیسلامی لە کێشەی UPR ئێران پێشنیازی وڵاتی بۆسنی لە مەڕ پاککردنەوی گۆڕەپانی مینەکانی واژۆ کرد کەچی لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێک هێشتا هەنگاوێکی ئەرێنی لەو بۆاردە نەنراوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان