چارەنووسی نادیاری حسێن کەمانگەر پاش ۵ مانگ دەسبەسەری

KMMK:

حسێن کەمانگەر چالاکی ژینگەپارێز و چالاکی مەدەنی کە پێشینەی دوو جار دەسبەسەری و زیندانی بەهۆی چالاکی مەدەنییەوە هەیبووە هەنووکە پاش ۵ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنەدایە.

۱۵ی بەفرانباری ۱۳۹۷ هێزەکانی ئیتلاعات بە بێ نیشان دانی هیچ حوکمێک ناوبراویان لە ماشێنەکەی خۆی هێناوەتە دەرەوە و پاش کوتەک و لێدانی زۆر گواستویانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

پاش دوو حەوتوو لە دەسبەسەری پێوەندییەکی کورتی تلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و پاش ئەوە هیچ زانیارییەک لەناوبراو بە دەست نەگەیشتووە و پاش چەنددین جار بنەماڵەکەی سەردانی ئەم ناوەندە ئەمنییەتیە کردووە ونەیان توانیووە ئاگاداری دۆخی ببن وتەنانەت لە هاوژین و کچەکەی لێپرسینەوە کراوە و لەم ماوەیە ئەوانیان خستۆتە ژێر گوشاری ڕۆحی و لەقاودانی بێ بنەماوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەکەی پەرۆشی دۆی تەندرووستی ناوبراون.
شیاوی باسە کە حسێن کەمانگەر تووشی گوشار و پەستانی گرانی خوێنە وتەندرووستی لە مەترسیدایە وتا ئەم کاتە لە هەبوونی دەواو دەمان پزیشک بێبەر کراوە.

لەلایەن سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باس کراوە چەنددین مانگە هیچ زانیارییەک لە دۆخی سڵامەتی ناوبراو نییە و تەنانەت مۆڵەتی چاوپێکەوتن بە پارێزەرەکەیشی نەدراوە.

بەپێی کوتەی ئەم سەرچاوەیە، حسێن کەمانگەر لەژێر ئەشکەنجەی ڕۆحی وجەستەیدایە و لە ژووری تاکەکەسیدایە، ناوبراو لە دەواو دەرمان و پزیشک بێبەری کراوە و پێیان ڕایان گەیاندووە گەر ئەو تۆمەتانە پەسەند نەکات گوشارەکان لە سەر خۆی و بنەماڵەکەی زەقتر دەبێتەوە.
حسێن کەمانگەر وتەواوی چالاکانی مەدەنی دەسبەرکراوی ئەم دواییانە لە شاری کامێران لە درێژەی دۆسیە سازکراوەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چالاکانی مەدەنی، بۆ کوشتنی کۆسار فەتحی (شۆفیری ئامبوڵانس) تاوانبار و لەژێر گوشاردایە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی نەیکردووت لە ئەستۆ بگرێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان