دوو کۆڵبەری پیرانشاری بوونە قوربانی تەقەی هێزەکان سپای پاسداران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی هەینی ۲٦خەرمانانی۱۳۹٥هەتاوی، دەستەی کۆڵبەرانی کورد لە دەڤەری پیرانشار کران بە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا دوو شارۆمەندی لاو بە گرانی بریندار بوون. هێزە سنوریەکانی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم کارەساتەیان خۆڵقاندوە.
دوابەدوای بریندار بوونی کۆڵبەران ،خەڵکی مەدەنی بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری چۆمان لە باشووری کوردستان.
یەک لەم کۆڵبەرانە گەنجێکە بە ناوی سەلاح بۆرە کوڕی لوقمان بە هۆی گرانی برینەکەیەوە ،کە فیشەک بەر سەری کەوتبو گیانی لە دەستدا . ناوبراو خەڵکی گوندی ((سۆغان لوو))سەر بە بەشی ناوەندی شاری پیرانشار بوە.
خورشێد خوسرەوی کۆڵبەرێکی دیکە کە هەر ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری چۆمان لە ژێر چاودێری پزیشکدایە، دەڵێت: هێزەکانی سپای پاسداران لە شوێنێکدا بە ناو “چیغەدەر”کەمینیان بۆ ئێمە دانابوو کە پاش تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزە ،سەلاح دوای بریندار بوون و لە ترسی دەستبەسەری لە بەرزای شاخەوە خۆی خستەخوارەوە.
جێگای ئاماژەیە ئەسب گەلی کۆلبەرانی کورد لەم روداوەدا کوژران و کەلوپەلی کۆلبەران لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستیبەسەردا گیرا.
شایانی باسە ئەمە چوارمین کۆڵبەرە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆە گیانی لە دەست ئەدات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان