ک.م.م.ک.:
ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، دانیشتنی دادگا و دادگاییکردنی نازەنین زەهرا سەروی، کچی عەلی و خوێندکاری دکتۆرا لە بواری تەلارسازی لە زانکۆی کوردستان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری، لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری سنە بەڕێوەچوو.
پێویستە بگوترێ کە خاتوو سەروی لەلایەن حکوومەتی ئێران و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە تۆمەتبار کراوە بە “کۆبوونەوە و هەوڵدان لە دژی تەناهیی نەتەوەیی”.
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردۆتەوە، سەرەتا بارمتەکەی زیادکراوە و دوای ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر ئەم بابەتە، داوای کەمکردنەوەی بارمتەکەی کردووە، بەڵام دادوەری دۆسیەکە بارمتەکەی بۆ ۳ ملیار تمەن زیادکردووە.
نازەنین زەهرا سەروی نەیتوانی ئەو بارمتە قورسە دابین بکات و بۆ بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازیی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە گوازراوەتەوە.
نازەنین زەهرا سەروی، ١٣ی ئەم مانگە لە پێوەندی لەگەڵ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی شاری سنە دەستبەسەر و لە ٢٥ی ئەم مانگە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کرا.
ک.ح