ئەشکان مرۆوەتی تۆمەتی موحارەبەی خرایە پاڵ

ک.م.م.ک:

بە گوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، “ئەشکان مرۆوەتی” وەرزشوانی بەندکراو و ناسراوی خەڵکی شاری سنە و لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی کوڕی سولەیمان، لە لایان لقی یەکی دادگای گشتی و شۆڕشی ئێران لەو شارە حووکمی موحارەبەی بۆ دەرکرا.

ئەشکان مرۆوەتی لە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری رابردوودا لە ڕەوتی ناڕەزایەتیەکانی گشتی لە کوردستان و ئێران دوای تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران لە مەیان ئێقباڵی شاری سنە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بە فیشەکی شەڕی و فیشەکی ساچمەیی قاچی کرایە ئامانج و پاش بریندار کردنی دەستبەسەر کرا.


ناوبراو پاش بریندار بوون و دەستبەسەر کران گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە و بێ تێپەڕبوونی کات نەشتەرگەری بۆ کرا.


پێویستە ئاماژە بکرێت کە، هێزە سەرکوتکەرەکان ئەشکان مرۆوەتیان لە ڕۆژی دووهەمی مانگی سەرماوەزدا لە کاتێکدا لە نەخۆشخانە خەوێنرابوو و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابوو رفاندیان و لە هەمان ڕۆژیشدا تۆمەتەکەیان ڕاگەیاند.

سەرچاوە ئاگادارکە ڕایگەیاند: تۆمەتە پاڵخراوەکەیان لە کۆتایی مانگی سەرماوەزدا بەو هاووڵاتییە راگەیاندووە.

ع. ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *