بێ ئاگایی لە چارەنووسی لاوێکی ڕفێنراوی شاری مەریوان

ک.م.م.ک:

بە گوێرەی هەواڵی سەرچاوەیەکی متمانه پێکراو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانیڕاگەیاندکە، لاوێکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی “کەژوان ئێرانی” لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی لە ڕەوتی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی گشتی ئێران و کوردستان لە لایان هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران لەو شارە ڕفێنراوە و پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لە بەر دەست دا نییە.

سەرچاوەی ناوهێنراو پێیەوە زیاد کرد و کوتی: هێزە سەرکوتکەرەکانی سەربازی ئێران لە دەوروبەری تەپۆڵکەی مۆسکی شاری مەریوان ئەو لاوەیان ڕفاندوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردوە.

پێویستە ئاماژە بکرێت کە، کەژوان ئێرانی دایک و باوکی هەردووکیان مردوونە و تەنیا خوشکێکی مابوو ئەویش دوو ساڵ لەمەوبەر بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا، ئێستا هیچ کەسێک نییە بەدواداچوونی کەیسی ئەو هاووڵاتییە بکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیاری گیانی کەژوان و هەموو ئەو هاووڵاتییانەی ڕفێنراون لە کوردستان و ئێران دەزانێت.

ع. ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *