KMMK:
سێ شەممە ۲۶ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی، هێزەکانی شارەوانی شاری سـنە هێرشیان کردە سەر دەستفرۆشانی دەورووبەری دوخانیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی کەلووپەلەکانیان. ئەم هێرشە لە گەڵ بەرەنگاری دەستفرۆشان ڕووبەڕوو بوویەوە و پێکدادانی لێکەوتەوە.
لە هێرشی هێزەکانی شارەوانی کۆمەڵێک لە دەستفرۆشان کوتەک و لێدانیان بەرکەوت و برینداری لێکەوتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کرێکارانی کاشی کەسرا لە شاری ســنە حەقدەستی سێ مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.
کرێکارانی کومپانیای کاشی کەسرا هەڵکەوتوو لە ڕێگەی سـنە ــ قوروە بە ۱۶۰ کرێکارەوە ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. هەروەها ئەم کرێکارانە جێژنانەی ئەمساڵی خۆیان وەرنەگرتووە.
ئەم کرێکارانە کە هێشتا لەسەر کارن، پێشتر بۆ ڕێگری لە ڤایرۆسی کوڕۆنا ماسکیان پێدەدرا، بەڵام بە کرێکارانیان ڕاگەیاندووە کە لەمەودوا بۆ خۆیان ماسکی پێویستی خۆیان دابین بکەن.
شیاوی باسە کە دابین کردنی سڵامەتی کرێکاران لە شوێنی کار و لە کاتی هاتوچۆ لە ئەستۆی خاوەنکارە، بەڵام خاوەنکاران لە جێبەجێ کردنی ئەم بەرپرسایەتییە خۆ دەدۆزنەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


