ک.م.م.ک:
هەینی ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، ڕێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لانیکەم ١٤لەسەت لەو کەسانەی لە خۆپیشاندانە گشتگیرەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەبەرکەوتنی فیشەک یان لێدانی هێزە ئەمنییەکان گیانیان بەخت کردووە منداڵن.
ڕێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لەم ڕاپۆرتە نووسیویە، ناونیشانی ٤٤منداڵی گیانبەختکردوو تۆمار کراوە کەلەم ڕێژەیە ٥ کەسیان کچ بوون و بچووکترین منداڵی گیانبەختکردوو کوڕێکی ٢ساڵ تەمەنە.
هەروەها لانیکەم ٤ کەس لە منداڵە گیانبەختکردووەکان بە تەقەی فیشەکی ساچمەیی لە مەودای نێزیکەوە کوژراون.
لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ: ٥ منداڵ کە ٤ی کچ و کوڕێکیش بەبۆنەی لێدانی زۆری هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێرانەوە گیانیان بەختکردووە.
لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەی باسی کردووە، ٦٠ لەسەت لەو منداڵانەی کەلە خۆپیشاندانە گشتگیرەکانی ئێران بەدەستی هێزە سەرکوتگەرەکان کوژراون لە نەتەوەکانی کورد و بەلووچ بوون، ئەو نەتەوانەی کە زەمەنێکە قوربانی هەڵاواردنی سیستەم ئاسای حکوومەت بوون.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، لە نێوان ٤٤ منداڵی گیانبەختکردووە کە ناونیشانیان تۆمار کراوە، ١٨ کەس یانی پتر لە ٤٠ لەسەت لە بەلووچستان کوژراون، کە لانیکەم ١٣کەس لەم قوربانیانە لە هەینی خوێناوی زاهیدان(٨ی ڕەزبەر) لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئێرانەوە کوژراون.
هەروەها ١٠ کەسی دیکە لە منداڵانی گیانبەختکردووە کە ٢٠لەسەت لە سەرجەم منداڵانی گیانبەختکردوو پێکدێت هاوڵاتیانی کورد بوون و لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ بەدەستی دەست و پێوەندییە سەرکوتگەرەکانی ئێرانەوە گیانیان بەختکردووە.
١٦ منداڵی گیانبەختکردووی دیکە لە ٦ پارێزگای ئێران گیانیان لەدەستداوە.
ڕێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەی نووسیویە، هێزە ئەمنییەکان و دەست و پێوەندییە سەرکوتگەرەکانی ئێران پاش کوشتنی منداڵان، بنەماڵەکانیان دەخەنە ژێر گوشارەوە کە لە بەرانبەر کوشتنی منداڵەکانیان بێدەنگ بن یان گێڕانەوەو چیرۆکێکی درۆیین لەمەڕ هۆکار و چۆنیەتی گیانبەختکردنی منداڵەکانیان بخەنەڕوو.
ق.ش


