ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، یەکەم ڕێوڕەسمی مامەڵەکردن لە گەڵ دۆسیەی کوشتنی خاتوو شلێر ڕەسووڵی هاوڵاتی خەڵکی مەریوان کە پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، لە پەنجەرەی بینایەکەوە بۆ بەرگری لە خۆی لەبەرانبەر کەسێکی هێرشبەر کە دەیویست دەسدرێژی بکاتەسەری، خۆی فڕێدایە خوار و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەبۆنەی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا لە لقی یەکی دادگای سزاکان لە پارێزگای سنە بەڕێوەچوو و ماوەی پێنج کاتژمێری خایاند.
بەگوێرەی هەواڵەکە، لەم ڕێوڕەسمەدا باوک و دایک و کەسووکاری خاتوو شلێر و پارێزەران ئەمیر ئەحمەدی و محەممەد مێهرانی ئامادە بوون و پاش خوێندندوەی بەڵگەی تۆمەتبارکردن لەلایەن نوێنەری دادستێن، پارێزەران و باوک و دایکی ناوبراو مژاری سکاڵاکەیان خستەڕوو و دواتر سکاڵاکەرانی دیکەی دۆسیەکە سکاڵایان بەرز کردەوە و شایەتحاڵانیش سوێندیان لەسەر ڕاستی ڕووداوەکە خوارد و تۆمەتباریش گۆران قاسمپوور خەڵکی گوندی گووشخانی سەربە مەریوان لەگەڵ پارێزەرەکەی لە ڕێوڕەسمەکە، ئامادەبوو و بەرگرت لە خۆی کرد.
شیاوی باسە کە، گۆران قاسمپوور بەتۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، دەسدرێژی، ڕفاندنی مرۆڤ و هەڕەشەی چەقۆ، تۆمەتبار کرا.
جێی سەرنجە کە کەسی تۆمەتبار ئەندامی سپای پاسدارانە و لەڕووی ئەو دەسەڵاتەی کە ئەو ناوەندە تیرۆریستیی و ئەمنییە بە ئەندامەکانی دەدات پەلاماری خەڵک و بەتایبەت ژنان کە بۆخۆیان قوربانی حکوومەتی ئیسلامی و نەریتی پیاوسالارین، دەدەن و ساڵانە بەدەیان ژن و کچ دەبنە سووتەمەنی ئەو بیرۆکە توندئاژۆ و دژە مرۆییە و هەر بۆیە بزوتنەوەکانی بەرگری لە مافی ژنان بەتایبەت لە کوردستان سەرەڕای ڕێگریەکانی حکوومەتی کۆنەپەرستی ئێران لە لوتکەدایە و تەنانەت کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ و بابەتی ژنانی ناوەندی پارێزەرانی دادگوستەری کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ مردنی شلێر ڕەسووڵی ڕاگەیەندراوێکیان دەرکرد و ئیدانەی پێشێلکاری مافی ژنانی کرد لە ئێران و وەکوو ئاگاداریشین هەموو ئەم پێشێلکاریانە و بەرهەڵستدانەوەکانی ڕاپەڕین و شۆڕشێکی هەڵگیرساند کە تروپکی هەموو بزوتنەوەکانی جیهانە.
ق.ش


