ک.م.م.ک:
پێنجشەممە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، لە ڕەوتی هەستانەوە گشتگیرەکانی کوردستان و ئێران، هێزەکانی ئەمنییەتی بە پاڵپشتی و هاوکاریی هێزە سەرکوتکەرە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کامێران هاووڵاتییەک بە ناوی ” هیوا تابیعی”یان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگوێست.
هەروەها لە هەواڵێکی تردا پێنجشەممە رێکەوتی ۵ی مانگی خەزەڵوەر، لە کاتی گردبوونەوەکانی ناڕەزایەتی لە چەند حەوتووی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی “سیامەک داوودی”و”ئومێد کەریمی نەژاد “تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری سنە لە لایان هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کران.
هەروەها و لەم ڕەوتە دا هاووڵاتێکی تر بە ناوی تاهیر بەزازی دوای تێپەڕبوونی ٤١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی قوڕسی لە گرتووخانەی حکوومەتی ئێران ئازاد کرا.
پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت کە،ئومێد کەریمی نەژاد لە ڕەوتی خۆپێشاندانی جەماوەریدا لە شاری شەهریار سەر بە شاری کەرەج دەستبەسەر کراوە، پێویستە بگوترێ کە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە بارودۆخ وجێگای بەندکرانی دەستبەسەر کراوەکان لە بەر دەست دا نییە.
ع. ر