کڵک وەرگرتن لە هێزی بەسیج دژی قوتابیان و هەڕەشەی دەرکردن لە خوێندنگە

ک.م.م.ک:

بە گوێرەی زانیاریەکانی کە وەدەست کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کەوتوون، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران بە کڵک وەرگرتن لە هێزی بەسیج (بسیج دانش‌آموزی )جەوێکی ترسناک و تۆقێنەریان بۆ قوتابیان لە خوێندنگە پێک هێناوە و تێدەکۆشن پێش بە فراوان بوونی ناڕەزایەتی قوتابیان بە سیستەمی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی بگرن وتەشەنە نەستێنێ.

بە پشتبەستن بەو زانیارییە متمانەپێکراوانەی کە وەبەردەستی ک.م.م.ک کەوتوون، بەسیج(بسیج دانش‌آموزی)لە لایەن ئۆرگانە ئەمنیەتییەکان بەرپرسیارێتیان پێ دراوە کە هەر قوتابیەک دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی درووشم بدات ناوی بدنە ناوەندە ئەمنیەتییەکان. ئەم سیاسەتە ئەمنیەتیە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان وەک شاری سنە، بۆکان، سەقز، مەریوان، پیرانشار و مەهاباد پەیڕەو دەکرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان،ئەندامانی بەسیج(بسیج دانش‌آموزی)پاش دژکردەوە بە دژی قوتابیانی تر بڕی یەک تا دوو ملیۆن تمەن پارە وەردەگرن. بەم شێوەیە ئەوان له‌ لایان حکوومەته‌وه‌ هان دەدرێن کە دژێ هاوکلاسیەکانیان و خوێندکارانی تر جاسووسی و کاری نەشیاو ئەنجام بدەن.
سەرچاوەکانی ئێمە لە شاری سنە رایانگەیاند، ئەو سیاسەتە ئەمنییەتیە که وه‌ک ئامێرێک کڵک لە منداڵەکان وەردەگیرێت بە بەربڵاوی لە قوتابخانەکانی شارە کوردییەکان دا کاری بۆ کراوە و بەڕێوەدەچێت.
لە یەکێک لە خوێندنگەکان بڕێک لە قوتابیان درووشمی دژە دەسەڵات دەڵێنەوە،ئەم قوتابیانە لە لایان بەسیج(بسیج دانش‌آموزی)سەر بە حکوومەت دەستنیشان دەکرێن و دەکەونە بەر توندوتیژی و لە ئاکامدا هێزە ئەمنیەتییەکان و چەکدارەکانی حکوومەتی دەگەنە شوێنەکە و قوتابیانی ناڕازی دەدەنە بەر لێدان و تووندوتیژی. یەکێک لەو قوتابیانە کە ناوی( ئا-ئە)یە- لە بەشی ئەدەبیات سەرقاڵی خوێندنە، کەوتۆتە بەر هێرشی ئەو هێزە سەرکوتکەرانە و لێیدراوە، بە جۆرێک کە تا ئێستاش ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لە سەر جەستەی دیارە.
ئەو قوتابیە رایگەیاندووە کە بە تووندی ئەشکەنجە کراوە ،لێیدراوە و پێدادراوە.
ئەو شاهیدی دەدات،کە بەسیجی دانش ئامووزی لە قوتابخانەکەی وان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەرپرسی دەستنیشان کردنی نارازیانن و لە بری ئەو کارە نەشیاوە دا بڕی یەک بۆ دوو ملیۆن تمەن پوڵیان وەرگرتووە .
کڵک وەرگرتن لە منداڵان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە و لەو بابەتانە تازە نیە و لەمێژە باوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسپێکی دەستبەکاربوونی دا هەزاران قوتابی ناردە بەرەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، قوتابیانێک کە زۆربەیان تەمەنیان لە ژێر ١۵ و ١٦ ساڵ دابوون و به داخەوه هیچیان بە زیندوویی نەگەڕانەوە.
ئێستا بە ئەمنییەتی کردنی جەوی قوتابخانەکان، قوتابیانی بە دژی قوتابیانی تر سەرقاڵ کردووە. ئەم کردارەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێشێلکردنی مافی منداڵانە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاوانێکە کە ئەو رژێمە دژی خەڵکی خۆی ئەنجامی دەدات. هاندانی منداڵان و مێرمنداڵان بە جاسووسی و تێکهەڵچوون لە گەڵ هاوکلاسیەکانیان و ناچار کردنیان بەم جۆرە کارەنەشیاوانە دەتوانێت پاشەڕۆژی منداڵەکان بەتەواوی لە بار برێت.
ئەو منداڵانەی کە لە ژێر تەمەنی دا ڕادەهێندرێن و هاندەدرێن لە بڕی پووڵ و پارە دا برادەران و هاوکلاسیەکانیان دەستنیشان کەن و بیاندەنە دەستی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارەکان، و لە هێندێک کاتیش دا سەربەخۆ دەست بکەن بە لێدان و پێدادانی هەواڵانیان، لە داهاتوودا دەبنە بەکرێگیراوێک کە بۆ بڕە پارەیەک خەڵک بکوژێت و ببنە هۆکاری نائەمنی کۆمەڵگا.

ع . ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *