ڕێژەی دەستبەسەر کردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن هێزەئەمنیەکانی ئێرانەوە لەزیادبوون دایە

ک.م.م.ک:
بەپێی ناوەندی هەواڵی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، پێنجشەمە 14ی رەزبەری 2722ی کوردی، هونەرمەندێکی کوردی نیشتەجێ تاران بە ناوی”خەبات فەدایی” خەڵکی گوندی بۆریدەر-ی سەر بە سەوڵاوایان دەستبەسەر و گوازرایەنەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەر لەو چوارچێوەیەدا هەفتەی ڕابردوو گۆرانیبێژی پاپ و دیسلاوی خەڵکی کرماشان سامان یاسین، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لەتاران دەستبەسەرکرا و چارەنووسی نادیارە.

هەر ووها، ڕۆژی سێشەممە 5ی رەزبەر هاووڵاتیەکی دیکە بەناوی حسێن سەنەندەجی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، کیان ئەحمەدی تەمەن 19 ساڵ، خەڵکی پاوە، کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو، گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی حکوومەت لە کرماشان.

شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ لە سەر دەستبەسەرکردنی ناوبراوەکان، لەمەڕ بارودۆخ و چارەنووسی ئەم چوار هاوڵاتییە، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

جێگای ئاماژەیە، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە کوردستان و ئێران، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە کردەوەیەکی سەرکوتگەرانەدا دەستیان کردووە بە شەپۆلێکی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاوڵاتیان، چالاکوانان و هونەرمەندان و تا ئێستا سەدان کەس دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.
ع. س

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *