مەهاباد؛ هێرشی گرووپێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بۆ سەر هاوڵاتییەک و بە خەستی بریندار کردنی

ک.م.م.ک:

پێنجشەمە ۷ رەزبەری ۲۷۲۲ـی کوردی، گرووپێکی چەکداری ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرش دەکەن سەر چالاکێکی دیاری شاری مەهاباد بە ناو “جەعفەر مستەفا زادە” و پاش ئەوەی تا سەرە مەرگ لێی دەدەن بە برینداری بەرەڵای دەکەن.

بە گوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ شەوی پێنج شەمە لەسەر هەینی، کاتژمێر ۱۰ـی شەو، گرووپێک چەکداری سپای پاسداران بە نییەتی کوشتن هێرش دەکەنە سەر ئەم هاوڵاتییە و دوایی بە نیوەگیانی لە مەیدانی مەلا جامی مهاباد لە سەیارەی ئەو دەزگا سیخوڕییەوە هەڵی دەدەنە خوارەوە.

جێگای ئاماژەیە، پێشتر سرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری مەهاباد بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی راگەیاندبوو؛ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە چەکدارە دژە شۆڕشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساتەکانی دەسپێکی رۆژی پێنج شەمەوە، لە نێو شاری مەهاباد دا بە شێوەیەک هێرشیان دەکردە سەر هاوڵاتییان و بڕ و بیانوویان پێ دەگرتن وەک ئەوەی بڵێی لە بیانوو دەگەڕان بۆ تەقە کردن و ئامانج گرتنی گیانی هاوڵاتییانی ئەم شارە.


سەرچاوەکە دەڵێت: هێزەکان بە کۆمەڵ هێرشیان دەکردە سەر دووکان و چەرخی کاسبکاران و پیایان هەڵدەپێچان و شتوومەکی کاسبکارانیان دەهاوێشتە سەر جادە و دەیانشکاند و بە ئاشکرا لە شەڕ دەگەڕان و هانی هاوڵاتییانیان دەدا بۆ درووست کردنی بشێوی و ئامانجیان گیاندنی زەرەر و زیان لە ماڵ و مڵکی هاوڵاتیان و چەسپاندنی ئەو زەرەرانە بە هاوڵاتییانی خۆپیشاندەری رۆژانی پێشوو بوو.
م.ه

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *