هەڵکشانی شەپۆلی دەستبەسەریەکان بە پێنج دەستبەسەرکراو لە شارەکانی کوردستان

ک.م.م.ک:

سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، و لە چوارەمین ڕۆژی خۆپیشاندانی خوێناوی کوردستان بەرانبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی کچی ٢٢ ساڵ تەمەنی سەقزی، لە ڕەوتی دەستبەسەرییەکانی سیستەمی ئەمنییەتی ئێران، هاوڵاتییەک بەناونیشانی سورەییا خدری لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.

لەلایەکی ترەوە و لە شاری سەقز، چوارشەممە ٣٠ خەرمانان، هێزە ئەمنییەکان گەنجێکی خەڵکی سەقزیان بەناونیشانی بێهنام ڕەحیمی دەستبەسەر کردووە و تا ئێستە هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانی دەرنەکەوتووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان و لە پێنجەمین خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان بەرانبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری دێولان، سێ چالاکی مەدەنی ئەو شارە بەناوەکانی؛ سروە ڕەحمانیپوور، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی ـیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

شیاوی باسە کە دەستبەسەری هاوڵاتیانی کورد بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی و سەرەڕۆیانە لەلایەن سیستەمی ئەمنییەتی و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دێتە ئاراوە و تا ئێستەیش هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی دەستبەسەرکراوان بەدەستەوە نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *