دوایین زانیاری دەربارەی بارودۆخی چەند کەسێک کە لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری دژی کوژرانی ژینا ئەمینی بریندار بوون

ک.م.م.ک.:

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە KMMK لە سەرچاوە خۆجێیەکان، تەرمی ڕەزا لوتفی هاووڵاتیی دێگوڵان کە ڕۆژێک پێشتر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا گیانی لەدەست دا دژی کوژرانی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەست بەسەر تەرمی دا گیرابوو لە دێگوڵان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە باری تەندروستی “ئیحسان غەفووری” هاووڵاتییەک کە ڕۆژی دووشەممە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە دێگوڵان بریندار بوو، بە ناجێگیر ڕاگەیەندرا و ناوبراو بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گوازراوەتەوە.

هەروەها باری گشتی “زانا کەریمی” یەکێک لەو هاووڵاتیانەی کە ناڕەزایەتی بە کوژرانی ژینا ئەمینی خەڵکی دیواندەڕێ دەربڕیوە، نالەبار ڕاگەیەندراوە بۆ چارەسەر ئەم هاووڵاتییە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گوازراوەتەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، بە پشت بەستن بە بەدواداچوونی پەیامنێری لیژنەی مافی مرۆڤی کوردستان، دەرکەوتووە “فوادی قەدیمی” یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەڕە، کە ڕۆژێک پێشوو لە ئاژانسەکانی هەواڵدا وەک کوژراو بڵاوکرایەوە، خۆشبەختانە لە ژیاندا ماوە و دوای نەشتەرگەری لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە لە ژێر چاودێریدایە.

ئاروین ئیقباڵ، یەکێک لەو لاوانەی کە ناڕەزایەتیان بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەربڕی، ڕۆژی دووشەممە لە شاری پاوە دەستبەسەر کرا و لەکاتی لێپرسینەوەدا ، لەلایەن بریکارەکانەوە لێی دراوە لوتی شکاوە و بەبێ ڕاپۆرتی پزیشکی لە دەستبەسەریدایە.

ک.ح

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *