پیرانشار؛ هاوڵاتییەک بە لێدان و توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا

ک.م.م.ک:

دووشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، هاوڵاتییەک بەناونیشانی ئیسکەندەر بیسپار ٣٥ساڵ تەمەن، کوڕی فەتاح و خەڵکی شیناوێ کە لە گەڕەکەکانی دەورووبەری پیرانشارە بە کوتان و توندوتیژی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا.

بەپێی زانیارییەکان لەسەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی خۆجێی؛ هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران سەرلەبەیانی دووشەممە هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ناوبراو و سەرەڕای شکاندنی درگاو پەنجەرەی ماڵەکەیان دەستیان دایە پشکنینی ناوماڵ و ترس و دڵەڕاوکێیان خستە نێو بنەماڵەکەیان و ئیسکەندەریشیان بە کوتەک و لێدانەوە لەگەڵ خۆیان برد.

بەپێی هەواڵەکە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران بەبێ نواندن و هەبوونی حوکمی قەزایی ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

شیاوی باسە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەری ئەم هاوڵاتییە نەزانراوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *