ک.م.م.ک:
سێشەممە٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، چوار ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ــ دیواندەرە بە ناوەکانی؛ ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە، پاش ٧٦ڕۆژ دەستبەسەری، بەدانانی بارمتە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە ئازاد کران.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم چوار چالاکەی مامۆستایانی کوردستان ــ دیواندەرە لەماوەی دەستبەسەری، لەمافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری بوون.
شیاوی باسە کە، پێشووتر شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەگەلی پیشەیی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئەم چوار چالاکە پیشەییە بە تۆمەتی پڕوپاگەندا دژی دەسەڵات جۆری تاوانەکەیان پێناسراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە؛ ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەمەبەاتی ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی مامۆستایان لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و فێرکاری ئێران لە دیواندەرە ئەم چوار چالاکە پیشەییەیان دەستبەسەر کرد.
جێی سەرنجە کە، ئومید شامحەممەدی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاشان ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو.
ق.ش