ک.م.م.ک:
چوارشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، یەکەم دانیشتنی دۆسیەی سوعدا خەدیرزادە، زیندانی سیاسی زیندانیکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ورمێ بەڕێوە چوو و بە ئاشکرا لە لایەن سکاڵاکاری دۆسیەکە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە و بە پشتبەستن بە لێدوانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکەم دانیشتنی دادگای سوعدا خەدیرزادە بە شێوەی ئۆنلاین لە لقی سێی دادگای تاوانەکانی ژمارە ١ هەڵکەوتوو لە شاری مەهاباد بە ئامادەبوونی ناوبراو و پارێزەرەکەی هەروەها سکاڵاکارانی دۆسیەکە بەڕێوەچوو؛ ناوبراو بە ئاشکرا لەلایەن یەکێک لە سکاڵاکارەکانەوە بە ناوی “موراد پیرۆتینیا”، کوڕی خدری پیرۆتینیا، (ئەندامێکی سوپای پاسداڕان کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە سێشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردیدا کوژرا)، لەناو ئامادەبووانی دادگادا هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.
ناوبراو بەو شێوەیە هەڕەشەی لە سوعدا خەدیرزادە کردووە کە دوای ئازاد بوونی خۆیان سوعدا دەکوژن.
پارێزەرەی سوعدا کە پێشتر باس کرا، پاش ئەوەی لەلایەن سکاڵاکارانی ئەو دۆسیەیە هەڕەشەی لێدەکرێت، وازهێنانی خۆی بۆ بەردەوام بوون لە درێژەدانی دۆسیەی سوعدا خەدیرزادە بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕادەگەیێنێت.
پێویستە ئەوەش زیاد بكرێت كە، باس لەو تۆمەتانە دەكرێت كە ئاماژەیان پێكراوە “یارمەتی كردن لە كوشتنی ئەندامێكی سپای پاسداران و ئەندام بوون لە یەكێك لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی ئێران” ڕاگەیێندراوە.
سوعداخەدیر زادە لە بەرگریی خۆیدا هەموو ئەو تۆمەتانەی بە تەواوی ڕەت کردووەتەوە.
پێویستە بزانین کەفالەتی 3 ملیار تمەنی ئێرانی بۆ ئازادکردنی کاتیی سوعدا خەدیرزادە ماوەیەکی زۆرە ئامادەکراوە بۆ قبووڵکردنی لەلایەن دادگاوە، بەڵام لە قۆناغە جیاوازەکاندا دژایەتی ئازادکردنی کاتیی دەکرا و هەر جارێک بڕی کەفالەتەکە قورستر کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەو کاتەی گەیشتووەتە 3 ملیار تمەنی ئێرانی.
لە وتووێژێکدا سوعدا خەدیر زادە لە چاوپێکەوتنێکدا بەناچار کراوە دان بەسەر تۆمەتاکانیدا بنێت و هەواڵی خۆکوشتنی ڕەتبکاتەوە، هەروەها ئاژانسی هەواڵی “میزان” ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراوی بڵاوکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی مانگی ئەمساڵ، ئەم زیندانە سیاسییە لە کاتی پشوودانی زیندانیانی دیکەدا بەهۆی دیار نەبوونی چارەنووسی، گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ دانپێدانانی بەزۆر، قبووڵنەکردنی کەفالەت و هتد… بیانووی جۆراوجۆر بۆ ڕێگریکردن لە ئازادکردنی؛ بە لەچکەیەک خۆی هەڵواسیوە و خۆی لە دار داوە.
ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، سوعدا خەدیر زادە لە نەخۆشخانەیەکی دیارینەکراوی شاری ورمێ بە نەشتەرگەری منداڵەکەی لەدایکبوو و ڕۆژێک دوای نەشتەرگەرییەکە ڕەوانەی بەندیخانەی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ کرایەوە.
تۆمارکردن و پێدانی ناسنامە بۆ مناڵەکەی دواخراوە بۆ دوای ئازادکردنی لە زیندان.
سوعدا خەدیر زادە لە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی لە کاتی دووگیانیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
ک.ح


