ک.م.م.ک:
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی یەکی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، باری تەندروستی دوو بەندکراوی سیاسی، “سالار و ئیبراهیم سەدیقی هەمەدانی ” بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی مەریوان و سەڵماس، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەوتوو کە مانیان لە خواردن گرتووە جێگای نیگەرانیە.
شایانی باسە کە، سالارسەدیقی هەمەدانی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئێران لە شاری سەڵماس بە هۆی رەتکرانەوەی داواکەی لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانە کە هەویستبووی باوکی بەساڵاچوو و نەساغی “ئیبراهیم سەدیقی هەمەدانی “بۆ بەندیخانەی سەڵماس ڕاگوێزن(بۆ لای خۆی )بۆ چاوەدێری و ئاگاداری،زیاتر لە ڕۆژی ١٤ی مانگی گەلاوێژی رابردوو دا مانی لە خواردن گرتووە و تەندروستی لە مەترسی دایە.
لە لایەکی دیکەوە، ئیبراهیم سەدیقی هەمەدانی بەندکراوی سیاسی ٦٢ ساڵە لە بەندیخانەی حکوومەتی ئێران لە مەریوان بە گوێ نەدانی بەرپرسانی بەندیخانە لە ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی سەڵماس بۆ لای کوڕەکەی لە ڕۆژی ١١ی مانگی گەلاوێژی رابردوودا دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
جێگای ئاماژەیە کە،بەرپرسانی بەندیخانەی ئێران لە مەریوان نەک هەر گرینگیان بە داخوازیەکەی ئەو بەندکراوە سیاسییە نەداوە بگرە لە روژی ڕاگەیاندنی مانگرتنیەوە، ناوبراویان بردۆتە ژووری تاکەکەسی، به هۆی ئەم کردارە بارودۆخی تەندروستی جێی نیگەرانییە.
سالار و ئیبراهیم سەدیقی هەمەدانی لە لایەن دەزگای قەزایی ئێران بە تۆمەتی کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و بە ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە ١٦ ساڵ بەندکرانی زۆرە ملی حووکم دراون.
ع. ر


