بە بارمتە گرتنی گروپێک لە پەنابەرانی ئەفغانستانی؛قاچاخچیەکانی مرۆڤ لە ژێر چاوەدێری و چەتری ئەمنییەتی سپای پاسدارانەوە خەریکی ئەنجامدانی تاوانن

ک.م.م.ک:

لە دوو حەوتووی رابردوودا ڕاگەیاندنەکان، بێ سەر و شوێن بوونی چەندین کەس لە پەنابەرانی ئەفغانستانیان ڕاگەیاند.
لە هەواڵەکان دا کوتراوە کە ئەو پەنابەرانە لە کاتی تێپەڕبوون لە ئێران بەرەو تورکیا لە ناوچە کوێستانیەکانی کوردستان بێ سەر و شوێن بوونە و سەرە ڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو پەنابەرانە هیچ زانیارییەکیان وەدەست نەهێناوە.


لە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە بوو کە وێنەی سەرنجڕاکێشی ئەشکەنجە و ئازاری ئەو پەنابەرانە لە سوسیال میدیا دا بڵاو بووە. لەو ڤیدیۆ یانە دا دەبیندرێ کە هێندێک لە پەنابەرەکان لە کاتێکدا کە لەشیان نیوە ڕووتە، دەکەونە ژێر گوشار و ئازار و ئەشکەنجە.


لە یەکێک لەو ڤیدیۆ یانە دا کە رێکەوتی تۆمارکردنی نادیارە، قاچاخچیەکانی مروڤ گوێچکەی یەکێک لە پەنابەرەکان دەبڕن.
بە هۆی شێلگیری و بەدواداچوونی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستانی لە ئێران و تورکیا حەشارگەی ئەو گرووپە پەنابەرانە دۆزرایەوە. سەرچاوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند کە توانیویانە ئەندامانی ئەو گرووپە تاوانبارە بناسن.


لەم نێوەندەشدا پشتڕاست کراوەتەوە که ئەو ڤیدیۆیانەی ئەشکەنجە و ئازاری پەنابەرەکان لە لایەن قاچاخچیە تاوانبارەکان بۆ وەرگرتنی پارە و پووڵ لە بنەماڵەی پەنابەرەکان تۆمار کراوە. هەروەها قاچاخچییەکان بۆخۆیان ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەیان بۆ بنەماڵەی پەنابەرەکان ناردووە. قاچاخچییەکان داوایان لە بنەماڵەی پەنابەرەکان کردوە کە لە هەمبەر دیتنەوەی ئازیزانیان دەبێت پارە بەوان بدەن.


بەهۆی بەدواداچوونی سەرچاوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ ناو و پێناسەی قاچاخچییەکان ئاشکرا بوو. ئەو گرووپە تاوانبارە لە گوندی بلجۆک سەر بە شاری خۆیە لە پارێزگای ورمێ چەند ساڵێکە لەو سنوورانە خەریکی قاچاغی مرۆڤن. هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەکە لە دیمانەیەکدا دەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕووداوە ووتی: هێندێک لە پەنابەرە ئەفغانەکان کە هەوڵیان دەدا خۆ بگەیینە تورکیا، لە سەر سنوور تووشی ئەو تاوانبارانە دەبن، و دلنیام بۆ وەرگرتنی پارە لە بنەماڵەی پەنابەرەکان ئەو فیلمەیان تۆمارکردووە و هەموو خەڵکی ناوچەکە دەزانن کە بۆ گیانی هەر یەک لەو پەنابەرانە داخوازی ١٠ هەزار دۆلاریان کردووە.

ە وێنە بڵاو کراوەکاندا پەنابەرانی ئەفغانستانی لە جێگایەکی شاراوە دا بەند کراون. تاوانبارەکان گوێچکەی پەنابەرێکیان بڕیوە وە بەردیان لە سەر سەر و سینگی پەنابەرەکان داناوە.
ئەو کەسە ئاگادارە به مەرجی پارێزراو بوونی ناسنامەی ئامادە بوو دەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بدوێت،
جەختیشیکردەوە: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێندێک کەس کە بە ئاشکرا هاوکاری سپای پاسدارانیان دەکرد، لە ناوچە سنوورییەکان خەریکی قاچاغی مرۆڤ بوون. ئەو تاوانبارانە لە گەڵ جەندرمەی تورکیاشدا کەین و بەینیان هەیە و سەرکردەکانی گرووپی تاوانباران دو ئەندامی بنەماڵەی تەیموورین بە ناوەکانی《شالۆ و پێژمان 》
ئەو بنەماڵە ڕابردۆکی دوور و درێژی هاوکاری دەگەڵ ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی ڕێژیمی ئێرانیان دا هەیە و هەروەها حکومەتی ئێران لە جم و جۆڵی هێزی حیزبە کوردستانییەکان دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار دەکەنەوە و لەو بارەش دا چالاکن.


هەروەها ئەو سەرچاوە هەواڵییە ووتی:
خەڵکی ناوچەکە ئەو بنەماڵە دەناسن، ئەوان لە سایەی تاوانەکانیان دا ژیانێکی تێر و تەسەل تێپەڕ دەکەن و لە هەر دووک لای سنوور پەیوەندی توێکمەیان دەگەڵ سپای پاسداران و جەندرمەی تورکیاشدا هەیە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە پەنابەرەکان بارمتەی ئەو قاچاخچیە تاوانبارانەن و ڕزگاریان نەهاتووە و بنەماڵەکانیان چاوەڕوانی هەواڵی لەش ساغی کەس و کاریانن. دە حاڵێکدا بارمتە گرتن و ڕەفتاری ناشاییستی ئەو گرووپە تاوانبارەی سەر بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دە بێدەنگی میدیای و نائاگاداری کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان هاتۆتە ئاراوە. ڕاگەیاندنو بڵاو کردنەوەی ئەو بابەتە ئەرکی سەرشانی هەموو دەزگا و ناوەند و پێکهاتەکانی پارێزەری مافی مرۆڤە، و دەبێت زۆر شێلگیرانە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو پەنابەرانە بکەن.

ع . ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *