ک.م.م.ک:
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی، ماوەی دەسبەسەری کاتی چوار هاوڵاتیی بەناونیشانی ئەمید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ــ دیواندەرە بۆ ماوەی مانگێک درێژ کرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم چوار چالاکی پیشەییە لە کاتی دەسبەسەرییەوە تا ئێستە لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەیان بێبەری کرابوون.
بەپێی زانیارییەکان، شۆرای هاوئاهەنگی پێکهاتەگەلی پیشەیی فەرهەنگیانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەم چوار چالاکە پیشەییە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات جۆرئ تاوانەکەیان بۆ ئاشکرا کراوە و بۆ پێمل کردنیان بە دانپێدانانی زۆرەملێی تێلەفزیۆنی کەونەتە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ ڕێگری لە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی مامۆستایان لە بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و فێرکاری ئێران لە دیواندەرە ئەم چوار چالاکە پیشەییەیان دەسبەسەر کرد.
جێی سەرنجە کە ئەمید شامحەممەدی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش ٤٠ڕۆژ دەسبەسەری کاتی بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوو و دواتر ئەم چالاکی پیشەییە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێرانەوە لە سنە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
ق.ش