ناردنی زیندانییەک بۆ هێڵانە (مۆڵەت) بۆ چارەسەر

ک.م.م.ک.:

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی، ئیبراهیم تاریمورادی، بەندکراوی سیاسیی زیندانیکراو لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە بە مۆڵەتی یەک ڕۆژە لە زیندان بۆ چارەسەر ڕەوانە کرا.

بە وتەی هەواڵە پێگەییشتووەکان ئەم بەندکراوە سیاسییە خەڵکی گوندی ئامرۆلەی شاری سنە بە هۆی نەخۆشیی دڵ و دیسکی کەمەرەوە بۆ چارەسەر بۆ دەرەوەی زیندان ڕەوانەی مۆڵەت کراوە.

پێویستە بگوترێ ئیبراهیم تاریمورادی لە 2ی خەرمانانی ٢٧٢٠ لە ماڵی باوکی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ فەرمانی دادگا دەستبەسەر کرا، پاشان لە گرتنگەی ئەمنیی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران زیندانی کرا.

ناوبراو لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ساڵێک زیندانی مەحکووم و بە غەرامەی ٣٠ ملیۆن تۆمان پوڵی بۆ بڕایەوە.. ئەو بڕیارە لە ٢٠ ڕێبەندانی هەمان ساڵ پێی ڕاگەیەندرا.

ک.ح

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *