ک.م.م.ک:
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شنۆ بە ناونیشانی مەتین حەسەنوەند، پەتی بۆ خۆی هەڵخست و کۆتایی بە ژیانی هێنا.
بە پێی هەواڵەکە، ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕ، هاتبوویەوە بۆ مەرەخەسی و ڕۆژێ دواتر خۆی کوشت.
شیاوی باسە کە مەتین حەسەنوەند لە پادگانێکی سەربازی ئێران لە شاری شنۆ سەرباز بووە کە ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی، بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.
پاش لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا.
جێی سەرنجە کە مەتین حەسەنوەند لە لایەن دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاریکاری حیزبێکی کوردی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئێران لە ماکۆ مەحکووم کرابوو.
مەتین حەسەنوەند سێ ساڵ لە حوکمەکەی لە زیندانی ئێران تێپەڕاندبوو، کە بۆ زیندانی ماکۆ دوور خرابوویەوە، کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ق.ش