داشکانی حوکمی زیندانی هاوڵاتییەک لە دیوانی باڵای وڵات

ک.م.م.ک:

حوکمی زیندانی هاوڵاتییەکی مەحکووم بە زیندان بە ناونیشانی قانع خاتری، دامەزرێنەری کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان، لە دیوانی باڵای وڵات پاش پێداچوونەوە(تسلیم بەرای) بۆ ١٨ مانگ داشکا و پێویستە ناوبراو لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی ئێران لە سنە بناسێنێ.

بە پێی هەواڵەکە، ئەم هاوڵاتییە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات، هاریکاری حیزبێکی ئوپوزیسیۆنی دەسەڵاتی ئێران و دامەزراندنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێرانەوە لە سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە٢٩ی گوڵان پێی ڕاگەیەندراوە

شیاوی باسە دەستەواژەی( تەسلیم بە رای) لە یاسای سزا ئیسلامییەکانی کۆماری ئیسلامی بە واتای ئەوەیە کە تاوانبار لە ئەگەری قەبووڵ کردنی تۆمەتەکەی و تەسلیم بوون بە دەنگی دادگا، دیوانی باڵای وڵات بۆی هەیە یەک لە چواری حوکمەکەی لاببات، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا، ئەو مافەی نییە و تەنیا تایبەت بە دیوانی باڵای وڵاتە.هەر بۆیە ٦ مانگ لە ٢٤ مانگ زیندانی ناوبراو لابراوە و بووە بە ١٨ مانگ زیندانی.

بە پێی هەواڵەکە، کۆتا ڕێوڕەسمی کارکردن لەسەر تاوانەکانی ئەم ئەندامەی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ی کوردی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە سنە بەڕێوە چبوو.

جێی بیرهانینە کە قانع خاتری ڕۆژی سێشەممە٢٨ی گوڵانی ٢٧٢١ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان، ئەم چالاکە مەدەنییەی خەڵکی سنە بە دانانی بارمتە لە گرتووخانەیەکی ئەمنی حکوومەتی ئێران لەو شارە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و لە ماوەی دەستبەسەریشدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری بووە.

ق.ش

Leave a Reply

%d bloggers like this: