ورمێ؛ ڕاگواستنی سوعدا خەدیرزادە بۆ نەشتەرگەری سزاریەن لە دەرەوەی زیندان

ک.م.م.ک:

دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی، ژنە زیندانی سیاسی، سوعدا خەدیرزادە بە بۆنە ئازاری زۆر لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ، بۆ ناوەندێکی دەرمانی ئەو شارە ڕاگوازراوە و لە ئەنجامی نەشتەرگەری سزاریەن منداڵەکەی لە دایک بووە.

شیاوی باسە، گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە دووگیانە بۆ ناوەندی دەرمانی لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە دوو حەوتەو لە کاتی دیاری کراوی لە دایکبوونی منداڵەکەی تێپەڕیبوو و بە بۆنەی ئازارێکی زۆر لە سوعدا خەدیرزادە هەیبووە، ناچار بوون بۆ دەرەوەی زیندانی بگوازنەوە.

بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە تا ئێستە ئاگادری شوێنی خەواندنی ناوبراو نین و نەیان توانیوو سوعدا و منداڵەکەی ببینن.

سوعدا خەدیرزادە بۆ ماوەی ٨ مانگە کە لە دەستبەسەریدایە و سەرەڕای دووگیان بوون و ئازاری جەستەیی دیکە وەکوو کێشەی گورچیلە، دڵ و بڕبڕەی پشت، لە شوێنی ناخاوێنی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ڕاگیراوە و لە دەستڕاگەیشتن بە پاراستن و چاوەدێری پسپۆڕی پزیشکی بێبەرییە.

شیاوی باسە، سوعدا خەدیرزادە لە گوڵانی ئەمساڵ بۆ ماوەی ١١ڕۆژ لە ناڕەزایی دژ بە بەردەوامی دۆخی هەڵپەسێردراوی خۆی لە زیندانی ئێران لە ورمێ دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن و لە کۆتاییدا بە بۆنەی بەڵێنی بەرپرسانی زیندان لەهەمبەر ئازادی کاتی بەدانانی بارمتە دەستی لە مانگرتنەکەی هەڵگرتبوو.

سوعدا خەدیرزادە لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا.

ناوبراو پاش ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا و هەنووکە لە بەندی ژنانی ئەم زیندانەدایە.

سوعدا خەدیرزادە لە کاتی دەستبەسەریدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و بەرپرسانی زیندان هیچ کام لە بەڵێنەکانیان پاش کۆتایی هێنان بە مانگرتن لە خواردنی ناوبراو جێبەجێ نەکردووە.

ق.ش

Leave a Reply

%d bloggers like this: